ئه‌ردۆغان لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە، قەتەر و ئیمارات پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و کەنداو تاوتوێ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 17ی تەممووزی 2023 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەست بە گەشتێکی فەرمیی چوار رۆژە بۆ ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی بکات.
 
فەرمانگەی سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکومی و بە بەشداریی زیاتر لە 200 بازرگان و خاوەن کار ئەمڕۆ سەردانێک بۆ ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی دەستپێدەکات.
 
وەکو له‌ راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ 17ی مانگ ئەردۆغان سەردانی سعودیە دەکات؛ سبەی 18ی مانگ دەچێتە قەتەر؛ رۆژی 19ی مانگ دەچێتە ئیمارات و 20ی مانگیش لە لێفکۆشای قوبرسی تورکیا دەبێت.
 
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە، قەتەر و ئیمارات باس لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و دەرفەتی بەهێزکردنیان دەکات؛ لەوانەش پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان. هەروەها لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانە پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان تاوتوێ دەکەن.
 
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان دوای ئه‌و سه‌ردانانه‌، رۆژی 20ی تەممووز سه‌ردانی قوبرسی توركیا ده‌كات.
 
رۆژی 14ی تەممووزی 2023 ئەنجوومەنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی دەرەوەی تورکیا (DEİK) بڵاویکردەوە، بە بەشداریی رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆڕبەندی کار لە وڵاتانی سعودیە، قەتەر و ئیمارات بەڕێوەدەچێت.
 
بەگوێرەی ئەو راگەیێندراوە، "بەبۆنەی سەردانی فەرمیی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ کەنداو، کۆڕبەندی کار لە سعودیە، قەتەر و ئیمارات رێکدەخرێت" و باس لەوەش کراوە، کۆڕبەندی کاری سعودیە - تورکیا لە 17ی تەممووز لە شاری جەدە، کۆڕبەندی کاری قەتەر - تورکیا لە 18ی تەممووز لە دۆحە و کۆڕبەندی بازرگانیی ئیمارات - تورکیا لە 19ی تەممووز لە ئەبوزەبی بەڕێوەدەچێت.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی رۆژی 10ی تەممووزدا بەر لە سەردانەکەی بۆ لیتوانیا و بەشداریکردنی لە لووتکەی ناتۆ گوتی، لە رۆژانی داهاتوودا سەردانی وڵاتانی کەنداو دەکات.