ئاگری 16 دارستانی باکووری کوردستان و تورکیا کوژێنرایەوە

رووداو  دیجیتاڵ

ئاگر لە 19 دارستانی باکووری کوردستان و تورکیا کەوتەوە، 16ـیان کوژێنرانەوە و لە سیانەکەی دیکەش بە فڕۆکە، هەلیکۆپتەر، ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و سەتان ئاگرکوژێنەوە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکان دەدرێت. 
 
ئیبراهیم یوماکڵی، وه‌زیری كشتوكاڵ و دارستانی توركیا رایگه‌یاند، لە 24 کاژێری رابردوودا ئاگر لە 19 دارستانی ئیزمیر، موغڵا، ئەنتاڵیا، چاناککالە، مەرسین، هاتای و مووش کەوتەوە و 16ـیان بە هەوڵی تیمەکان کوژێنرانەوە، بەڵام ئاگری دارستانەکانی هاتای، مەرسین و چاناککالە بەردەوامە و هەوڵی کوژاندنەوەیان دەدرێت. 
 
ئیبراهیم یوماکڵی باسی لەوەشکرد، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 هێکتار زەوی لە دارستانەکانی هاتای، مەرسین و چاناککالە سووتاوە و زیاتر لە 80 فڕۆکە، 40 هێلیکۆپتەر، 450 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، 190 شۆڤڵ و 220 کەرەستە و ئامێری دیکە و 900 کارمەند رەوانەی ئەو شوێنانە کراون بەمەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکان. 
 
رۆژی یەکشەممە 16-7-2023 عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تویتێکدا رایگەیاند، سێ کەس بەتۆمەتی هەبوونی رۆڵ لە کەوتنەوەی ئاگر لە دارستانی بەلەن لە پارێزگای هاتای دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا دەکرێت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، خەڵکی گوندی بەلەن لەلایەن هێزەکانی جەندرمەوە گوازراونەتەوە بۆ شوێنی سەلامەت. 
 
ساڵی رابردوو 203 ئاگر لە دارستانەکانی 31 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا کەوتەوە و 10 هەزار و 446 هێکتار زەوی دارستانەکان سووتا، 149 کەس بریندار بوون و هەشت کەس گیانیان لەدەستدا. لە ساڵی 2021شدا بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئاگر لە 299 دارستانی 53 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا کەوتەوە و لە ئەنجامدا 178 هەزار هێکتار زەوی دارستانەکان سووتا، هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و هەزار و 510 کەس بریندار بوون.