هاوسەرۆکانی دەم پارتی سەردانی دەمیرتاش دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دوێنێ چوارشەممە هاوسەرۆکانی دەم پارتی، سەردانی فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەیان کرد، ئەمڕۆ پێنجشەممەش سەردانی سەلاحەدین دەمیرتاش دەکەن.
نووسینگەی راگەیاندنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بڵاویکردەوە، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ی تەممووزی 2025 بە مەبەستی گفتوگۆ کردن لەبارەی پرۆسەی چارەسەری، سەردانی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە گرتووخانەی ئەدیرنە دەکەن.
ئەوە لە کاتێکدایە، هەردوو هاوسەرۆک دوانیوەڕۆی دوێنێ چوارشەممە سەردانی گرتووخانەی کاندرایان لە شارۆچکەی کاندرای کۆجائەلی کرد و چاویان بە هەریەکە لە فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و سەمرا گوزەل، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە لە بازنەی ئامەد کەوت.
بە گوتەی هاوسەرۆکانی پارتەکە، یوکسەکداغ و گوزەل ''زۆر بە ورە'' بوون و پاڵپشتیی خۆیان بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری دووپاتکردەوە.
سەمرا گوزەل، لە دووی ئەیلوولی 2022ـەوە بە تۆمەتی ''ئەندامێتی و بانگەشەکردن'' بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زیندانە.
دەمیرتاش و یوکسەکداغ، لە ساڵی 2016ـەوە لە گرتووخانەی ئەدیرنەن و لەنێو ئەو 108 ئەندام و بەرپرسەی هەدەپەدان کە لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ دادگاییکران.
سەردانەکانی هەردوو هاوسەرۆک لە کاتێکدایە، هەینیی رابردوو لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی، 30 گەریلای پەکەکە بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکی'' چەکەکانیان دانا، کە بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکە، یەکێک بوو لەوان و یەکەم کەس چەکەکەی سووتاند.
پرۆسەی ئەمجارەی چارەسەری لە تورکیا، یەکی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستیپێکرد.