ئەردۆغان بۆ شەرع: تورکیا لە پشتیوانیکردنی گەلی سووریا بەردەوام دەبێ
رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، گوتی، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا جێگەی قبووڵ نین؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "تورکیا وەک هەمیشە لە پشتیوانیکردنی گەلی سووریا بەردەوام دەبێ."
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی تەممووزی 2025، فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر ئەنجام داوە.
ئەردۆغان رایگەیاندووە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا جێگەی قبووڵ نین؛ ئاماژەی بەوەشکردووە: "شەڕەنگێزییەکان"ی ئیسرائیل بۆ تەواوی ناوچەکە هەڕەشەن.
وەک فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بڵاویکردوەتەوە، ئەردۆغان رایگەیاندووە: "تورکیا وەک هەمیشە بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی گەلی سووریا" و ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنقەرە بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو ئاگربەستە دەکات کە بۆ وەستاندنی شەڕی سوەیدا و هێورکردنەوەی دۆخی ئەو پارێزگایە کراوە.
ئەحمەد شەرع سوپاسی رەجەب تەیب ئەردۆغانی کردووە بۆ پاڵپشتیەکانی لە "پاراستنی یەکگرتوویی سیاسی لە سووریا، هەروەها پاراستنی یەکپارچەیی خاکەکەی و سەروەرییەکەی".
16ـی تەممووزی 2025 چەند فڕۆکەیەکی جەنگیی ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشیان کردە دیمەشق و لە ئەنجامدا 3 کەس کوژران و 34 کەسی دیکە بریندار بوون.