هاوسەرۆکانی دەم پارتی: لەم قۆناخە مێژووییەدا پێویستمان بە دەمیرتاش و هاوڕێکانی دیکەمانە

 
رووداو دیجیتاڵ 

هاوسەرۆکانی دەم پارتی داوای ئازادکردنی بەپەلەی زیندانییانی دۆزی کۆبانێ دەکەن و دەڵێن، سەڵاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێکانی پشتیوانیی تەواو لە پرۆسەی چارەسەری دەکەن.
 
کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەردانی گرتووخانەی سزا قورسەکانی ئەدیرنەیان کرد و چاویان بە سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و سەلچوک مزراکلی، سەرۆکی پێشووتری شارەوانیی گەورەی ئامەد کرد.
 
دواتر هاوسەرۆکانی دەم پارتی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان ئەنجامدا کە پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداویش ئامادە بوو. 
 
سەرەتا تونجەر باکرهان قسەی کرد و گوتی: "سەڵاحەدین دەمیرتاش و سەلچوک مزراکلی تەندروستییان باشە. ئەوان لەنێو زیندانەوە زۆر بە باشی چاودێریی ئەم پرۆسەیە دەکەن و پشتیوانی لێدەکەن. هیوادارن ئەم پرۆسەیە بە ئاشتییەکی سەربەرزانە و چارەسەرێک تاجگوزاری بکرێت." 
 
تونجەر باکرهان رایگەیاند: "گفتوگۆی تێروتەسەلمان کرد؛ پێشنیاز و رەخنەکانیانمان وەرگرت؛ پێشنیازی زۆر بەنرخیان کرد. لە پرۆسەیەکی وەهادا کە باسی ئاشتی دەکەین و بە رێوڕەسم چەک دادەنرێت، پێویستە ئەوانەی پەیوەندیدار بە دۆزی کۆبانێ دادگایی دەکرێن، بەتایبەتی سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و هاوڕێکانی دیکەمان، لەگەڵمان بن. بۆ بەڕێوەبردنی ئەم پرۆسەیە پێویستمان پێیانە."
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی، بۆ ئەوەی پرۆسەی چارەسەری بە شێوەیەکی باشتر بەڕێوەبچێت، گرنگە حکومەتی تورکیا ئەو کەسانە ئازاد بکات کە پەیوەندیدار بە دۆزی کۆبانێ زیندانی کراون. 
 
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکەکەی دیکەی دەم پارتی رایگەیاند، کۆبوونەوەکە زۆر باش بووە و دەمیرتاش و مزراکلی پشتیوانی بەهێزی خۆیان بۆ پرۆسەکە دەربڕی و جەختیان کردەوە بە تەواوی خاوەندارێتی لێدەکەن. 
 
هاتیمئۆغوڵڵاری راشیگەیاند: "لە پرۆسەی گفتوگۆکردنی بنیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسیداین. لەم قۆناخەدا کە چەکەکان بێدەنگ بوون و زمانی ئاشتی کاریگەرە، پێویستە هاوڕێکانمان بەپەلە ئازاد بکرێن. ئەمە کۆمەڵگەی تورکیا، تورک، کورد، لاز، چەرکەس و هەموو پێکهاتەکان دڵخۆش دەکات و بەشدارییەکی گەورە لە گەشەکردن و قووڵبوونەوەی باوەڕ بەم پرۆسەیە دروست دەکات". 
 
رووداوەکانی کۆبانێ لە رۆژانی 6-8ـی تشرینی یەکەمی 2014 روویاندا. 
 
دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر کۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردستانییەکانی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا کرد رێگە بە ناردنی چەک و هاوکاریی دیکەی سەربازی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە. 
 
لە چەند شارێکی باکووری کوردستان خۆپێشاندان دەستیپێکرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند.
 
گرژییەکان زیادبوون و لە ئەنجامدا 46 سڤیل و پۆلیس کوژران، 682 کەس لە خۆپێشاندەران و پۆلیس بریندار بوون، 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێنران. 
 
حکومەتی تورکیا رۆژی 4ـی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێکرد، هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بەبڕیاری دادگە، خرانە زیندانەوە.
 
یەکەم دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە رۆژی 26ـی نیسانی 2021 لە 22ـەمین دادگەی سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو.