شاندی ئیمرالیی دەم پارتی دەڵێ، سەرۆکی جەهەپە پشتیوانی لە پرۆسەی چارەسەری دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

شاندی ئیمرالیی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆکی جەهەپە لە ئەنقەرە کۆبووەوە. ئەندامێکی شاندەکە دەڵێ، سەرۆکی جەهەپە پشتیوانی لە پرۆسەی چارەسەری دەکات. 
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی تەممووزی 2025، شاندی ئیمرالیی دەم پارتی کە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان، میتحات سانجار و فایق ئۆزگور ئەرۆلی پارێزەر، لە بارەگای سەرەکیی جەهەپە لە ئەنقەرە لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی ئەو پارتە کۆبوونەوە. 
 
گەڕی نوێی سەردانەکانی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی بۆ لای لایەنە سیاسییەکان دوای چەکدانانی گرووپێک گەریلای پەکەکە هات کە رۆژی 11ـی مانگ لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە رێوڕەسمێکدا چەکەکانیان سووتاند. 
 
شاندی ئیمرالیی دەم پارتی نزیکەی دوو کاژێر لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل کۆبوونەوە. پاشان پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد و باسیان لە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان کرد.
 
پەروین بوڵدان بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "باسی قۆناخەکانی پرۆسەی ئاشتی و ئەو هەنگاوانەمان کرد کە دوای قۆناخی چەکدانان نراون؛ هەروەها باسی ئەو کۆمیسیۆنەمان کرد کە بڕیارە لە پەرلەمان پێکبهێندرێ و چاوەڕوانییەکانمان لێی خستەڕوو. بە وردی گفتوگۆمان لەسەر پێویستیی دابینکردنی رێککەوتنی هاوبەش بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی کرد."
 
پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەشکرد: "کۆبوونەوەکە گرنگ بوو، چونکە سبەی بەڕێز نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمان، لەگەڵ بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆنی هەموو پارتەکان کۆدەبێتەوە. باسمان لەوە کرد کە ئەم کۆبوونەوەیە پێش پێکهێنانی کۆمیسیۆنەکە گرنگە، چونکە هەر پارتێک پێشنیاز و چاوەڕوانیی جیاوازی لە کۆمیسیۆنەکە هەیە."
 
پەروین بوڵدان گوتی: "بەڕێز ئۆزگور ئۆزەل هەر لە سەرەتاوە رۆڵ و کاریگەریی گرنگی لە پرسی ئاشتییدا هەبووە. پێمان وایە ئەو پشتیوانییەی بەنرخە. لە کۆبوونەوەکەدا ئەوەشمان بۆ دەرکەوت کە بەڕێز ئۆزەل لە قۆناخی داهاتوودا بە هەمان شێوە پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات. سوپاسی دەکەین کە پێشوازیی لێکردین. دەمەوێت بڵێم، کۆبوونەوەی سبەی کۆمیسیۆنەکە گرنگە و هەمووان چاوەڕێی ئەنجامەکانی دەکەین."
 
میتحەت سانجار، پەرلەمانتاری رووها لەسەر لیستی دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمرالیی پارتەکە رایگەیاند: "لەگەڵ بەڕێز ئۆزگور ئۆزەل و شاندەکەی کۆبوونەوەیەکی زۆر بەنرخمان ئەنجامدا و سوپاسیان دەکەین. دەرفەتمان هەبوو پێکەوە باسی ئەو قۆناخە گرنگە بکەین کە پرۆسەکە پێیگەیشتووە. بێگومان لەم قۆناخەدا رۆڵی پەرلەمان زۆر گرنگە، چونکە پەرلەمان رۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت لە پێشخستنی رێگەی ئاشتی."
 
میتحەت سانجار گوتیشی: "جێگیربوونی ئاشتی بە گشتگیرکردنی لەنێو کۆمەڵگەدا دەبێت. بۆ ئەوەش گەرەنتییە یاساییەکان و میکانیزمە دیموکراسییەکان زۆر گرنگن. رەنگە روانین و چاوەڕوانیی پارتە سیاسییەکان و لایەنە کۆمەڵایەتییەکان جیاواز بن، بەڵام لە کێشەیەکی وەها ئاڵۆزدا ئەرکێکمان لەسەر شانە. جێبەجێکردنی ئەو ئەرکەش تەنیا بە دیالۆگ و گفتوگۆی نێوان هەموو لایەنە سیاسی و هێزە کۆمەڵایەتییەکان دەبێت."
 
رۆژی 15ـی مانگ، شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە؛ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە و یڵماز تونچ، وەزیری داد کۆبووەوە.