تونجەر باکرهان: پرۆسەیەک قبووڵ ناکەین عەلەوییەکان پشتگوێ بخات

رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی دەم پارتی، لە رێوڕەسمەکانی یادکردنی حاجی بەکتاشی وەلی، عەلەوییەکانی تورکیا رایگەیاند، "پرۆسەیەک قبووڵ ناکەین عەلەوییەکان پشتگوێ بخات."
 
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، رۆژی 16ـی ئابی 2025 بەشداری لە رێوڕەسمی ساڵانەی یادی حاجی بەکتاشی وەلی (رێبەری رۆحی عەلەوییەکانی تورکیا) لە قەزای حاجی بەکتاش لە پارێزگای نەڤشەهیر کرد. 
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی: "عەلەوییەکان لە کەربەلاوە تاوەکو ئەمڕۆ لە هەموو قۆناخەکانی تێکۆشانی دیموکراسیدا، داینەمۆی ئاشتی بوون، بە بەرخودانیان هێز دەدەنە دیموکراسی. وەک برایەکی ئێوە کە ناسنامەکەی نکۆڵی لێکراوە، زۆرباش دەزانین نکۆڵیکردنی باوەڕ چ مانایەک دەگەیێنێت. بەڵام پێکەوە بە تێکۆشان ئەو زنجیرەی ترسەمان شکاند و گەیشتینە ئەمڕۆ."
 
تونجەر باکرهان هۆشداری لە بارەی دۆخی عەلەوییەکان دا و گوتی: "ئەمڕۆ یارییەکی گەورە لەسەر گیانی عەلەوییەکان دەکرێت. داوی تواندنەوە و پاکتاوکردن دادەنرێت و ئەم سیستمە هەوڵدەدات ئیرادەی ئێوە بسڕێتەوە. دەبێت کۆتایی بەم کارانە بهێنرێت."
 
باکرهان ئاماژەی بەو هێرشانە کرد کە لە سووریا دەکرێنە سەر عەلەوییەکان و گوتی، "براکانمان رووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەوە. پاشماوەکانی داعش، عەلەوییەکانیان کۆمەڵکوژ کرد، ئێمە لە بەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژییە بێدەنگ نابین و کوردی دانیشتووی سووریاش لەم کۆمەڵکوژییە بێدەنگ نابن. هەرگیز رێگە نادەین کەربەلای نوێ بەسەر عەلەوییەکاندا بهێنرێت."
 
تونجەر باکرهان هەروەها گوتی: "هەرگیز پرۆسەیەک قبووڵ ناکەین عەلەوییەکان پشتگوێ بخات. ئەگەر مێزێک دانرابێت، پێویستە پایەیەکی دیکەی ئەو مێزە عەلەوییەکان و چەوساوەکان بن. ئێمە بە روونی دەڵێین، پرۆسەیەک قبووڵ ناکەین کە تەنیا بۆ کورد بێت. ئامەد و حاجی بەکتاشیش دەبێت ئازاد و یەکسان بن. دەبێت جەمخانەکان پێگەی یاساییان پێبدرێت و کۆتایی بە جیاکاری بهێنرێت."