هێلیکۆپتەرێک لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی ئیزمیر کەوتەخوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە دارستانەکانی ئیزمیر کەوتەوە و هێلیکۆپتەرێک لەکاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە کەوتە خوارەوە و سێ لە سەرنشینانی بێسەروشوێنن و یەکێکیشیان بە برینداری دۆزراوەتەوە.
پاشنیوەڕۆی رۆژی 16ی ئەیلوولی 2023، ئاگرێکی گەورە لە دارستانەکانی کەلەری سەر بە شارۆچکەی مەندەرەس لە پارێزگای ئیزمیر کەوتەوە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لهڕێگەی فڕۆکە و هێلیکۆپتەر و ئامێرە جیاوازەکانەوە، لە ئاسمان و زهوییهوه ههوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکانیان دا.
9 فڕۆکە، 20 هێلیکۆپتەر، 54 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، 20 تانکەری گەورەی ئاو، 10 شۆڤڵ، 10 ئامێری کارکردن و 500 کارمەند بەشدارییان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا کرد. یەکێک لە هێلیکۆپتەرەکان لەکاتی پڕکردنەوەی ئاو لە بەنداوی تاهتاڵی نزیک لە ئاگری دارستانەکان، کەوتە خوارەوە.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، هێلیکۆپتەرەکە کاژێر 23:53 خولەکی نیوەشەو بە هۆکارێکی نادیار لەکاتی بارکردنی ئاودا، کەوتە ناو بەنداوەکە. دەستبەجێ تیمەکانی ئافاد خۆیان گەیاندە شوێنەکە.
لە هێلیکۆپتەرەکەدا چوار سەرنشین هەبوون، کە دووانیان فڕۆکەوان بوون و نزیکەی کاژێرێک دوای کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە یەکێک لە سەرنشینەکانی بە برینداری دۆزرایەوە و بە خێرایی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.
پرۆسەی گەڕان و دۆزینەوەی سێ سەرنشینەکەی دیکەی هێلیکۆپتەرەکە بەردەوامە و تائێستا نەدۆزراونەتەوە.
ئاگری دارستانەکانی کەلەر لە شارۆچکەی مەندەرەس-ی ئیزمیر هێشتا کۆنترۆڵ نەکراوە.
رۆژی 6ی حوزەیرانی 2023، یەکەم ئاگر لە دارستانەکانی پارێزگای موغڵا کەوتەوە. رۆژی 29ی تەممووزی 2023، ئیبراهیم یوماکڵی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا رایگەیاند، لە یەک هەزار و 22 رووداوی ئاگرکەوتنەوەدا کە ئەمساڵ لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان روویانداوە، نزیکەی شەش هەزار و 900 هێکتار دارستان و پاوان سووتاون.
ساڵی رابردوو 203 ئاگر لەدارستانەکانی 31 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کەوتنەوە. بەهۆیەوە 10 هەزار و 446 هێکتار زەوی دارستانەکان زیانیان بەرکەوت و 149 کەس برینداربوون و سێ کەس گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیان هاووڵاتی تورکیا و دووانیانیشیان هاووڵاتیی رووسیا بوون.
لە 2021یشدا ئاگر لە 299 دارستانی 53 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا کەوتەوە. لە ئەنجامدا 178 هەزار هێکتار زەوی دارستانەکان سووتان. هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و هەزار و 510 کەسیش بریندار بوون.