سەرۆکی میت لە دیمەشق لەگەڵ سەرۆککۆماری سووریا کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت، گەیشتە دیمەشق.
میدیای فەرمیی تورکیا بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 17ـی ئەیلوولی 2025، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سووریا.
بەپێی زانیارییەکانی میدیای فەرمیی تورکیا، چاوەڕوان دەکرێت لە دیدارەکەدا پرسە دووقۆڵییە هاوبەشەکان، ئاسایشی هەرێمی و دوایین پێشهاتەکان تاوتوێ بکرێت.
رۆژی 16ـی ئەیلوولی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دوای گەڕانەوەی لە قەتەر کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی نائاسایی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی و کۆمکاری عەرەبی سەردانی کردبوو، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "ئێستا لە سووریا دۆخێکی ئاڵۆز هەیە کە دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی و دینامیکە نێوخۆییەکان تێکەڵ بوون."
ئەردۆغان گوتیشی، "بە دڵنیاییەوە ناتوانین سووریا بە تەنیا جێبهێڵین. هەر بۆیەش هاوکارە پەیوەندیدارەکانم و لە پێش هەموویانەوە وەزیری دەرەوە و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، لە دیالۆگێکی چڕدان لەگەڵ سووریا."