ئەحمەد تورک: سووریا هێڵی سووری کوردە
رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد تورک، سیاسەتڤانی بەنێوبانگی کورد رایدەگەیێنێت: "رووداوەکانی دێر حافر و حەلەب، هیوای ئێمەیان بەم پرۆسەیەی ئێرە [پرۆسەی چارەسەری] نەهێشت، سووریا هێڵی سووری کوردە، هێڵی سووریشە بۆ من."
ئەحمەد تورک، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسێکی هەواڵیی نزیک لە هەدەپە رایگەیاند: "تورکیا بەبێ رەچاوکردنی هەستیاریی پرۆسەی ئاشتی، دەجوڵێتەوە، هێشتا لە ترسەکانی رزگاری نەبووە، هەمیشە کورد وەکو مەترسییەکی شاراوە دەبینێت و هەڵوێستێکی وای هەیە نایەوێت کورد بگاتە ئیدارەیەکی ئازاد، دادپەروەر و یەکسان."
ئەحمەد تورک پێیوایە میدیای تورکیا دۆخەکە وا پێشاندەدات کورد لە سووریا زۆر لە خەڵک دەکات و دەڵێت: "راست و چەپیان، هەموویان پێشهاتەکانی حەلەب و دێر حافریان بە شێوەیەک دەهێنایە رۆژەڤەوە گوایە کورد لەوێ زۆر لە خەڵک دەکات و بۆ کاری وا دەیانجووڵێنێت نایانەوێت و وەک 'قەڵغان' بەکاریاندەهێنێت، بەڵام کاتێک سەیری میدیا نێودەوڵەتییە سەربەخۆکان دەکەین، دەبینین رووداوەکە بە تەواوی پێچەوانەیە و لە حەلەب وەحشیگەرییەک روویداوە."
سیاسەتڤانە کوردەکە دەڵێت: "پێویستە تورکیا لەو ترسانەی رزگاری بێت، پێویستە بەو تێگەیشتنەوە بجووڵێتەوە کورد دۆستی ئەون، ئەمڕۆ 30 ملیۆن کورد لە تورکیا دەژین، کورد قەت ئەو نزیکایەتییە قبووڵ ناکات دەستوەردان بکرێت و بگوترێت 'وریابن کورد هیچ شتێکی دەستنەکەوێت' لە کاتێکدا براکانیان لەوێ ئەو هەموو باجەیان داوە لە دژی داعش و دیکتاتۆریەتی دەسەڵاتخواز."
ئەحمەد تورک باسی دۆخی کورد، عەلەوی و درووزییەکان دەکات و دەڵێت :"ئەگەر دژی ئیدارەی شەرع بن، ئەوسا شەرع ناتوانێت لەسەر پێ بمێنێت، ناچارە لەگەڵ کورد رێکبکەوێت، تەنیا ئەو کاتە دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەردەوام بکات."
راشیگەیاند: "سووریا هێڵی سووری کوردە. هێڵی سووری منیشە، لە کۆتاییدا منیش مرۆڤێکی کوردم. مرۆڤێکی ئاساییم، بەڵام لە ئەنجامدا ئاوات و ویست و خۆشیی ئێمەیە براکانمان لە سووریا خاوەنی داهاتوویەکی ئازاد و دیموکرات بن."