تورکیا: داهاتووی سووریا بە یەکڕیزی و یەکگرتن دێتەدی، نەک تیرۆر و جیاکاری
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیێندراوێکی سەبارەت بە رێککەوتنی ئاگربەستە 14 خاڵییەکەی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە: "رێککەوتنەکە رێگەخۆش دەکات بۆ سەقامگیری و ئارامی لەسەر بنەمای یەکپارچەیی خاکی سووریا."
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هاتووە: "هیواخوازین رێککەوتنی ئاگربەست و یەکگرتنی تەواو، کە ئەمڕۆ (18ی کانوونی دووەم) لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریاوە راگەیێندرا، هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی سەقامگیری و ئارامی لە وڵاتەکەدا لەسەر بنەمای یەکپارچەیی خاک و یەکێتیی سووریا، بە خێرایی و شێوەیەکی کاریگەر پێشبخات."
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت: "هیواخوازین رێککەوتنەکە، جگە لە گەلی سووریا، ببێتە مایەی خێر بۆ ئاسایش و ئارامیی تەواوی ناوچەکە، بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێی سووریا."
تورکیا ئەوەشی راگەیاندووە "قۆناخی نوێ، کە لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024 لە سووریا دەستیپێکرد و دەرفەتێکی نایاب بۆ گەیشتنی وڵاتەکە بە ئاییندەیەکی گەش دەڕەخسێنێت، لە ئەمڕۆدا بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت."
راشیگەیاندووە "بە لەبەرچاوگرتنی راستییەکان، هیواخوازین هەموو گرووپ و تاکەکانی نێو وڵاتەکە بەتەواوی لەوە تێبگەن داهاتووی سووریا بە یەکڕیزی، یەکگرتن و تەبایی دێتەدی، نەک بە تیرۆر و جیاکاری."
وەزارەتی دەرەوە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ دیمەشق دووپاتکردەوە و رایگەیاند: "تورکیا، بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاوەدانکردنەوەی وڵات، لە چوارچێوەی تێگەیشتنێکی گشتگیر و یەکخراو لەسەر رەزامەندیی گەل بونیاتنرابێت."
سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا دەقی رێککەوتنە 14 خاڵییەکەی نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، هەردوولا کاردەکەن بەرەو لێکتێگەیشتنەکان سەبارەت بە گەڕانەوەی ئارامیی دانیشتووانی ناوچەکانی عەفرین و شێخ مەقسوود بۆ سەر ماڵ و حاڵیان.