لە چەند شار و ناوچەیەکی باکووری کوردستان و تورکیا خۆپێشاندان بۆ پشتیوانی رۆژئاوا کرا
رووداو دیجیتاڵ
سەتان کەس لە چەندین شارێکی تورکیا و باکووری کوردستان دژی هێرشەکانی سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا خۆپێشاندانیان کرد و رایانگەیاند: "بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلان و رێگریکردن لە کۆمەڵکوژی، درێژە بە تێکۆشان و هاوپشتیی خۆمان دەدەین."
رۆژی یەکشەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2026، لەسەر بانگەوازی لقی رێکخستنەکانی دەم پارتی لە مانیسا-ی تورکیا، رێپێوانێک بەڕێوەچوو، خۆپێشاندەران لە پارکی ئەحمەد کایا لە گەڕەکی فەوزی چاکماک کۆبوونەوە و ویستیان بەرەو گۆڕەپانی هۆرۆزکۆی بڕۆن، بەڵام بەهۆی رێگریی پۆلیسەوە، لە شوێنی خۆیاندا راگەیێندراوێکیان خوێندەوە، دروشمەکانی "رۆژهەڵات، رۆژئاوا، کوردستان یەک وڵاتە"، "ژن شەڕ ناخوازن، ئاشتی دەخوازن" و "بژی بەرخۆدانا رۆژئاڤا" لە رێپێنواکەدا گوترانەوە
ئەڤین گیونەل، هاوسەرۆکی لقی رێکخستنەکانی دەم پارتی لە مانیسا، راگەیێندراوەکەی بە کوردی خوێندەوە باسی هێرشەکانی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب و رایگەیاند، "ئەم هێرشانە ئامانجیان لەناوبردنە و راستەوخۆ ژیانی خەڵکی سڤیل دەکەنە ئامانج، هێرشەکان درێژکراوەی ئەو کردەوانەن پێشتر دژی کۆمەڵگە درووز و عەلەوییەکان کراون."
ئەڤین گیونەل دەڵێت "لێرەوە جارێکی دیکە رایدەگەیێنین؛ ئێمە هاوپشتیی گەلانی رۆژئاوا دەکەین و بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلان و رێگریکردن لە کۆمەڵکوژی، تێکۆشانمان بەردەوام دەبێ."
رێکخستنەکانی دەم پارتی لە ناوچەکانی ئەسەنیورت، سوڵتانغازی و ئاڤجیلار لە ئیستەنبووڵ، گردبوونەوەی جەماوەری هاوکاتیان رێکخست، چەتین یڵدز، گوتەبێژی هاوبەشی رێکخستنەکانی دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ، لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە "قۆناخێکی هەستیاردا" تێدەپەڕێت، دەڵێت:"تورکیا، دەستەی تەحریری شام، ئیسرائیل و ئەمریکا لە فەرەنسا لەسەر 'ئینکار و لەناوبردنی' کورد رێککەوتوون."
دوای کۆبوونەوەکە، بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکان رێپێوانێک کرا و تێیدا دروشمەکانی "بژی بەرخۆدانا رۆژئاڤا" و "ئیستەنبووڵ مەخەوە، خاوەندارێتی لە رۆژئاوا بکە" گوترانەوە.
لە ناوچەکانی سوڵتانغازی و ئاڤجلار-یش، دەم پارتی بە دوو رێپێوانی جیاواز هێرشەکانی سەر هێزەکانی هەسەدە شەرمەزار کرد، سونا تان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە ئاڤجلار، رایگەیاند: "خاوەندارێتیکردن لە رۆژئاوا، خاوەندارێتیکردنە لە مرۆڤایەتی" و جەختی لەوە کردەوە کە گەلی کورد بە رۆحی یەکێتیی نەتەوەیی و دیموکراسیی رووبەڕووی ئەم هێرشانە دەبێتەوە.
لە قەزای سەرێکانیی پارێزگای رووها لە باکووری کوردستان، خەڵك بە هەڵدانی یاریی ئاگرین لەسەر سنوور و سووڕانەوە بە ئۆتۆمبێل لەنێو سەنتەری قەزاکە، هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر شەرمەزار کرد.