فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ سیستمی فڕین و نیشتنەوەی سێ فڕۆکە لەیەک کاتدا پەیڕەو دەکات
رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ دەستی بە جێبەجێکردنی سیستمێک کرد کە رێگە دەدات لە یەک کات سێ فڕۆکە بفڕن یان بنیشنەوە.
عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە، فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ دەستی بە کارکردنی سیستمێک کردووە کە رێگە بە سێ فڕۆکە دەدات لە یەک کاتدا لەسەر ھێڵە جیاوازەکان بنیشنەوە یان بفڕن.
عەبدولقادر ئوروغڵو دەڵێت: "ئەم سیستمە تەنیا بۆ تورکیا گرنگ نییە، بەڵکو بۆ کەرتی فڕۆکەوانیی ئەورووپاش گرنگە. جگە لەوە، ئەمە ھەنگاوێکی مێژووییە لە بواری فڕۆکەوانیی جیھانیدا".
وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا باسی لەوەش کردووە، تورکیا دوای ئەمریکا، تاکە وڵاتە ئەو سیستمە لە بواری فڕۆکەوانییدا بەکاردەھێنێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "بەپێی ئەم سیستمە، سێ فڕۆکە دەتوانن لە یەک کاتدا لەسەر ھێڵە جیاوازەکان بنیشنەوە یان بفڕن".
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەکارخستنی فڕۆکەخانەکانی تورکیا، پار 79 ملیۆن و 988 هەزار و 272 کەس لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵەوە گەشتیان کردووە.