نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان: پابەندین بە پێشخستنی سەقامگیریی ناوچەکە، گەشەسەندن و ئاسایشی هاوبەش

 
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری تورکیا لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا کۆبوونەوە. لە تویتێکدا نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی جدییان سەبارەت بە بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان تورکیا، عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا نووسیویەتی، "خۆشحاڵ بووم کە ئەمڕۆ لە ئەنتاڵیا چاوم بە سەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆغان کەوت."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "گفتوگۆیەکی جدییمان کرد سەبارەت بە بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان تورکیا، عێراق و هەرێمی کوردستان، بیروڕامان گۆڕییەوە سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە. دووپاتمان کردەوە کە هەردوولا پابەندین بە پێشخستنی سەقامگیریی ناوچەکە، گەشەسەندن و ئاسایشی هاوبەش."
 
 
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، جەخت لە فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی هاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا کرایەوە و هەردوولا دووپاتیان کردەوە، دیالۆگ باشترین رێگەیە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.

نێچیرڤان بارزانی، لە پۆستەکەیدا لە ئێکس، سوپاسی ئەردۆغان دەکات "بۆ سەرکردایەتیکردن و هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و سەقامگیریی ناوچەکە."

 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو، چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بووە.
 

 
لە چوارچێوەی پێنجەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێشوازیی لێ کرا.
 
 
کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا ساڵانە بە بەشداریی سەرکردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتان، کەسانی ئەکادیمی و بیرمەند لە ئاستی نێودەوڵەتی لە شاری ئەنتاڵیای تورکیادا بەڕێوەدەچێت. ئەم ساڵیش نێچیرڤان بارزانی یەکێک لە بانگهێشتکراوان بوو و رۆژی هەینی 17-04-2026 کە یەکەم رۆژی کۆڕبەندەکە بوو، لە ئەنتاڵیا ئامادەبوو.
 
پێش کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی، نێچیرڤان بارزانی لە یەکەم رۆژی کۆڕبەندەکەدا گفتوگۆیەکی سەرپێیی و دۆستانەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان هەبوو.
 
ئەو کۆڕبەندە لە ساڵی 2021ـەوە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە بەڕێوەدەبرێت.