دڵشاد شەهاب: لە ئەنتاڵیا باسی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان کرا
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا کاریگەریی گرنگی هەیە و دەشڵێت، "هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەری ئاشتی و پێکەوەژیان دەبێت لە ناوچەکەدا."
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە ئەنتاڵیا، کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، رایگەیاند، "نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 5ـەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا بەشدارە. ئەمە 4ـەمین جارە کە جەنابی سەرۆک بەشداری دەکات و بوونی هەرێمی کوردستان لەو ناوەندە دیپلۆماسییانەدا کاریگەری و مەغزای تایبەتیی خۆی هەیە."
سەبارەت بە تەوەرەکانی کۆڕبەندەکە، دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوە کرد، کاریگەریی رووداوەکانی ناوچەکە و بەتایبەتی شەڕی ئەم دواییە جێگەی باس بوون، "لەم شەڕەی دواییەدا سەلمێندرا کە هەر شتێک لەم ناوچەیە یان هەر شوێنێکی جیهان رووبدات، کاریگەریی لەسەر تێکڕای جیهان دەبێت، بۆیە ئەو پرسانەی دەبنە جێگەی ئاڵۆزی، دەبێت گرنگیی هەمەلایەنەیان پێبدرێت."
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر پەیامی نێچیرڤان بارزانی لە دیدارەکانیدا و گوتی، "پەیامی جەنابی سەرۆک جەختکردنەوە بووە لە رۆڵی هەرێمی کوردستان لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە. هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەری سەقامگیری، ئاشتی و پێکەوەژیان دەبێت."