ئەردۆغان دۆزینەوەی 75 ملیار مەتر سێجا یەدەگی گاز لە دەریای رەش رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی بڕێکی زۆر گازی یەدەگی لە دەریای رەش دۆزیوەتەوە کە پێویستیی زیاتر لە سێ ساڵی وزەی تورکیا دابین دەکات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "75 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتیمان دۆزییەوە. بەم بڕە، دەتوانین بۆ ماوەی سێ ساڵ و نیو پێویستیی خێزانەکانمان دابین بکەین."
ئەردۆغان بەهای یەدەگەکەی بە 30 ملیار دۆلار خەمڵاند.
گوتیشی: "لە بیری گۆکتەپە-3 کارەکەمان تەواو بوو کە لە 27ـی ئادار بە کەشتیی هەلکەندنی نەوەی حەفتەم عەبدولحەمید خان دەستمانپێکردبوو."
تورکیا هێشتا بۆ دابینکردنی پێویستیی وزەکەی پشت بە هاوردەکردن دەبەستێت، وێڕای ئەوەی کە ئەردۆغان جەختدەکاتەوە دەیەوێت خۆبژێوی لە بواری وزەدا بەدەستبێنێت.
ئەردۆغان گوتی: "بێوچان، کۆڵنەدەرانە و بێ گوێدان بە رەخنە و بەربەستەکان، لە کارەکەمان بەردەوام دەبین تاوەکو بە ئامانجی سەربەخۆیی تەواوی تورکیا لە بواری وزەدا دەگەین."