کۆبوونەوەی شاندی ئیمرالی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆتاییهات؛ ئۆجەلان پەیامی نوێی هەیە
رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی و رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان کۆتاییهات. شاندەکەی دەم پارتی دەڵێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی پەیوەندی کورد و تورک لە تورکیادا گوتوویەتی: ''براکان شەڕ دەکەن، بەڵام هیچ کامیان بەبێ ئەوەی دیکە هەڵناکات''.
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رۆژی یەکشەممە، 18ی ئایاری 2025 بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و شاندی ئیمرالیی دەم پارتی کۆتاییهات و شاندەکە لە گرتووخانەی ئیمرالییەوە گەڕایەوە.
شاندەکە دەڵێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەبارەی پەیوەندی کورد و تورک لە تورکیادا گوتوویەتی: ''براکان شەڕ دەکەن، بەڵام هیچیان بەبێ ئەوەی دیکە هەڵناکات. پێویستمان بەوەیە، رێککەوتننامەیەکی نوێ لەسەر مافی برایەتی واژۆ بکەین''.
وەک شاندەکە دەڵێت، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە گوتویەتی: ''نێوەڕۆکی پەیوەندیی تورک و کورد شتێکی جیاوازە. هەموو ئەو تەڵە و مینانەی بۆ تێکدانی ئەو پەیوەندییە دانراون، لایاندەبەین. هەرچی پرد و رێگەی تێکشکاوی ئەو پەیوەندییە هەیە، نۆژەنی دەکەینەوە''.
لەبارەی کۆچی دوایی سری سورەییا ئۆندەر، شاندەکە دەڵێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان دڵگرانە بەوەی بۆ دوایینجار نەیتوانیوە قسەی لەگەڵ بکات؛ باسی لەوەش کرد، ئۆجەلان گوتویەتی: "سری سووریا ئۆندەر یادەوەرییەکی جوانی هەبووە، پێویستە بە زیندوویی بیهێڵینەوە، بۆ تورکیا کەسێکی دانا بوو. ناهێڵین هەست بە بۆشایی ئەو بکرێت''.
سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری پێشووی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی، کاژێر 4.10ـی ئێوارەی رۆژی 3-5-2025 بەهۆی لاوازبوونی و لەکارکەوتنی بەشێک لە ئەندامانی جەستەی، لە نەخۆشخانەیەکی ئیستەنبووڵ گیانی لەدەستدا.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە: ''سوپاسی ئالاین بادیۆ و سلۆڤەک زیزەکی رۆشنبیر دەکەم بەوەی لە رێگەی شاندەکەمانەوە پەیامیان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و برایەتی بۆ ناردم''.
شاندەکەی ئیمرالی لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری بازنەی وان و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری ئۆجەلان پێکهاتبوو. فایەق ئۆزگور ئەرۆل یەکێک بوو لەو کەسانەی لە سێیەمین دیداری رێبەری پەکەکەدا ئامادەبوو کە تێیدا ئۆجەلان پەیامی کۆنگرە بەستن و چەکدانانی بڵاوکردەوە.
لەدوای دەستپێکردنی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا، ئەمە پێنجەمین سەردانی شاندی ئیمرالییە بۆ لای ئۆجەلان. هاوکات یەکەمین سەردانی شاندەکەیە دوای بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری لەلایەن پەکەکەوە.
1ـی تشرینی یەکەمی 2024، دەرگای پەرلەمانی تورکیا لە وەرزێکی نوێدا واڵاکرا. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد.
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکات. شاندێک لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێندرا و دیداری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی یەکی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند، ئەوەش دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجامی کۆنگرەکەی 12ـی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداری دەهێنێت.