ژمارەی کارتی بانک لە تورکیا پێنج هێندەی ژمارەی دانیشتووانە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەکارهێنانی کارتی بانکی و کڕینی ئەلیکترۆنی لە تورکیا ریکۆردی نوێ تۆماردەکات. بەپێی نوێترین ئامارەکان، ژمارەی کارتە بانکییەکان لە جزدانی هاووڵاتیاندا پێنج هێندەی کۆی گشتیی ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتەیە.
 
ناوەندی کارتەکانی نێوان بانکەکان لە تورکیا (BKM) ئاماری مانگی نیسانی بڵاوکردەوە. بەپێی داتاکان، زیادبوونی کڕین بە کارت کە لە دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە رووی لە زیادبوون کردووە، مانگ دوای مانگ لە بەرزبوونەوەدایە.
 
زیاتر لە 460 ملیۆن کارتی بانک لە گیرفانی خەڵکە
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تا کۆتایی مانگی نیسانی 2026، کۆی گشتیی کارتە کاراکان لە تورکیا گەیشتووەتە 462 ملیۆن کارت، ئەمەش گەشەکردنێکی ساڵانە بە رێژەی %4 نیشان دەدات. دابەشبوونی کارتەکان بەم شێوەیە:
 
• کارتی بانکی (دێبیت) 216 ملیۆن کارت (گەشەی ساڵانە: %2)
 
• کارتی قەرز (کریدیت) 147.6 ملیۆن کارت (گەشەی ساڵانە: %11)
 
• کارتی پێشەکی دراو (پریپەید) 98.4 ملیۆن کارت (دابەزینی ساڵانە: %3)
 
قەبارەی مامەڵە داراییەکان
 
کۆی گشتیی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە مانگی نیساندا 2 تریلیۆن و 559.6 ملیار لیرە بووە، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو %44 زیادیکردووە. دابەشبوونی بڕی پارەکە بەپێی کارتەکان بەم شێوەیە:
 
• کارتی قەرز: 2 تریلیۆن و 185.2 ملیار لیرە (زیادبوونی ساڵانە: %44).
• کارتی بانکی: 366.8 ملیار لیرە (زیادبوونی ساڵانە: %48).
• کارتی پێشەکی دراو: 7.6 ملیار لیرە (دابەزینی ساڵانە: %60).
 
هاوکات، ژمارەی مامەڵەکان بە رێژەی %14 زیادیکردووە و گەیشتووەتە 1.8 ملیار جار، کە زیاتر لە 1 ملیار مامەڵەیان تەنیا لە رێگەی کارتی قەرزەوە ئەنجامدراون.
 
بازاڕکردنی ئۆنلاین
 
داتاکانی ناوەندی (BKM) ئاماژە بەوە دەکەن، متمانەی هاووڵاتیان بە کڕینی ئۆنلاین بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و بڕی پارەی خەرجکراو لە رێگەی ئۆنلاینەوە گەیشتووەتە 756.9 ملیار لیرە، کە دەکاتە %30ی کۆی گشتیی مامەڵە داراییەکانی وڵاتەکە.
 
لەلایەکی دیکەوە پارەدانی بێبەرکەوتن (Contactless) بووەتە مامەڵەیەکی رۆژانەی باو، بە جۆرێک لە مانگی نیساندا، لەنێو بازاڕ و فرۆشگاکاندا لە هەر 5 مامەڵەی کڕین، 4 مامەڵەیان بە شێوازی بێبەرکەوتن بووە. ژمارەی ئەم جۆرە مامەڵانەش %16 زیادی کردووە و بڕی داراییەکەی گەیشتووەتە 855 ملیار لیرەی تورکی.
 
بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و رێژەی هەڵئاوسان و کەمی داهات وای کردووە کە خەڵک لە تورکیا پەنا بۆ قەرزی بانکی ببات. تا کۆتایی ساڵی 2025، 43 ملیۆن کەس لە تورکیا قەرزاری بانکەکان بوون. ئەمە واتا لە هەر دوو کەس، یەکیکیان قەرزداری بانکە. مانگی کانوونی دووەمی 2026 نزیکەی 4.2 ملیۆن کەس بەهۆی نەدانەوەی قەرزی بانک لەلایەن دادگاوە داواکراو بوو.