وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێت، سەردەمێکی نوێ بە سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەری دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێت، لە ئەگەری سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەری، سەردەمێکی نوێ لە وڵاتەکەی و ناوچەکە دەستپێدەکات.
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا رۆژی هەینی 18ی تەممووزی 2025 لە ئیستەنبووڵ گوتارێکی پێشکێش کرد و بەشێکی قسەکانی تایبەت کرد بە پرۆسەی چارەسەری.
وەزیری بەرگریی تورکیا گوتی، هەوڵەکانیان بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری بەردەوام دەبن. گوتیشی، لە ئەگەری سەرکەوتنی پرۆسەکە، برایەتیی لە نێوان گەلانی وڵاتەکەی بەهێزتر دەبێت.
گولەر باسی لە شەڕی چەند دەیەی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سوپای تورکیا کرد و گوتی، بە کۆتاییهاتنی ئەو شەڕە، سەردەمێکی نوێ لە وڵاتەکەی و ناوچەکە دەستپێدەکات.
پرۆسەی چارەسەریی ئەم جارە لە تورکیا، 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەستیپێکرد.
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی، بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان دانا.