فیدان بۆ شەیبانی: تورکیا پاڵپشتی لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە هاوتا سووریاییەکەی راگەیاند، پاڵپشتی لە یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی ئەو وڵاتە دەکەن.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، ئەمشەو هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا تاوتوێ شەڕ و پێکدادانەکانی سووریایان کردووە.
وەکو سەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە دەڵێن، فیدان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بە شەیبانیی گوتووە، تورکیا لە نزیکەوە چاودێریی شەڕ و پێکدادانەکانی ئەو وڵاتە دەکات و بۆ هەموو هاوکارییەکیش لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاسایشی وڵاتەکە ئامادەیە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، فیدان گوتوویەتی، وڵاتەکەی پاڵپشتی لە یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی سووریا دەکات.
سەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەشڵێن، فیدان ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکانی ئیسرائیل "هەڕەشە" بۆ سەر ئاسایشی سووریا دروست دەکەن. گوتووشیەتی، "دەستوەردانەکانی ئیسرائیل جێگەی قبووڵ نین و پێویستە حکومەتەکەی نەتەنیاهوو کۆتایی بەو کردەوانە بهێنێت."
لە 13ی تەممووزەوە پێکدادان لە پارێزگاى سوەیداى باشوورى ئەو وڵاتە دەستیپێکردووە و زیاتر لە 500 کەس کوژراون.
ئیسرائیل پاڵپشتیی خۆی بۆ دروزەکان راگەیاندووە. سوپای ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە، 16ی ئەم مانگە چەندین ناوچەی لە سوەیدا و دیمەشق بۆردوومان کرد.