عەلی باباجان لەبارەی لیژنەکەی پەرلەمان: گرنگە بۆچوونەکانی ئۆجەلان لەبەرچاو بگرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسیی تورکیا (دەڤا) دەڵێت، ئەگەری سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەری ''5%یش بێت، پاڵپشتی لێدەکەین.'' لەبارەی لیژنەکەی پەرلەمانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، ''گرنگە را و بۆچوونەکانی ئۆجەلان لەبەرچاو بگیرێن.''
 
عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دەڤا ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 17ی ئابی 2025، لە سەردانێکیدا بۆ مێردینی باکووری کوردستان، بە رۆژناماڤانانی راگەیاند، ''زۆر بە گرنگییەوە لەم پرۆسەیە دەڕوانین. ئەگەری سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە تەنانەت 5%یش بێت، پشتگیری دەکەین."
 
باباجان بانگەواز و پەیامەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی بە ''گرنگ'' وەسف کرد. لەبارەی لیژنەی ''هاوپشتیی نیشتیمانی، برایەتی و دیموکراسی'' گوتی، ''گرنگە ئەو لیژنەیە را و بۆچوونەکانی ئۆجەلان لەبەرچاو بگرێت و هەڵسەنگاندنی بۆ بکات.''
 
لیژنەی ''هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی'' کە بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، تاوەکو ئێستا سێ جار کۆبووەتەوە.
 
سبەی سێشەممە، 19ی ئەم مانگە، لە هۆڵی رێوڕەسمەکانی پەرلەمانی تورکیا چوارەمین کۆبوونەوەی خۆی دەکات.
 
ئەگەرچی بڕیار دراوە لیژنەکە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی هەموو هەفتەیەک کۆببێتەوە، بەڵام دەکرێت بەگوێرەی پێویست، ئەو رۆژانە بگۆڕدرێن و ژمارەی کۆبوونەوەکانیش بۆ یەک رۆژ کەم بکرێنەوە.
 
ئەو لیژنەیە لەسەر پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری پێکهێندرا.
 
1ی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا. 
 
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
پەکەکە لە 5-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
 
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.