سەندیکاکانی فەرمانبەران لە تورکیا مانگرتنی سەرتاسەری رادەگەیێنن
رووداو دیجیتاڵ
سەندیکاکانی فەرمانبەران لە تورکیا پێشنیازەکەی حکومەت بۆ زیادکردنی مووچە بە (پێشنیازی هەژاری) ناودەبەن و دەڵێن، "شیاوی گفتوگۆکردن نییە"، بۆیە بڕیاریان دا لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان مانگرتن رابگەیێنن و خۆپێشاندان بکەن.
زیاتر لە 4 ملیۆن فەرمانبەری کەرتی گشتی ئەمڕۆ بە دروشمی (ئێمە کۆیلەی بەردەرگا نین؛ رەنجدەرین" دەست بە مانگرتن دەکەن.
حکومەت جگە لەو زیادکردنەی پێشتر بۆ ساڵی 2026 پێشکێشی کردبوو بە رێژەی 10٪، پێشنیازێکی نوێی خستەڕوو، ئەویش زیادکردنی هەزار لیرەی تورکی (نزیکەی 25 دۆلار) بوو بۆ مووچەی بنەڕەتیی فەرمانبەران کە نزیکەی 4 ملیۆن فەرمانبەر و 2.5 ملیۆن فەرمانبەری خانەنشینن. بەڵام داواکارییەکە لە لایەن 9 کۆنفیدراسیۆن و 1 سەندیکاوە رەت دەکرێتەوە.
داواکارییەکانی فیدراسیۆنی سەندیکاکانی فەرمانبەران چی بوون؟
فیدراسیۆنی سەندیکاکانی فەرمانبەران (مەمور-سەن) پێشتر لە پێشنیازی خۆیدا بۆ حکومەت داوای زیادکردنی بەم جۆرە کردبوو:
بۆ ساڵی 2026:
کانوونی دووەم: زیادکردنی 10,000 لیرە (نزیکەی 250 دۆلار) بۆ کەمترین مووچە، 10% پشکی شایستەی خۆشگوزەرانی و 25% بەرزکردنەوەی گشتی بۆ مووچەی بنەڕەتی.
مانگی تەممووز: 20% زیادکردنی مووچە.
بۆ ساڵی 2027:
مانگی کانوونی دووەم: زیادکردنی 7,500 لیرە (نزیکەی 185 دۆلار) بۆ کەمترین مووچە و 20% بەرزکردنەوەی گشتی بۆ مووچەی بنەڕەتی.
مانگی تەممووز: 15% زیادکردنی مووچە.
کێ لەسەر مێزی دانوستاندنە؟
لەسەر مێزی دانوستاندن، وەزارەتی کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی تورکیا نوێنەرایەتیی حکومەت دەکات وەک لایەنی خاوەنکار. دوو فیدراسیۆنی فەرمانبەرانیش نوێنەرایەتیی فەرمانبەران دەکەن.
(مەمور-سەن) نوێنەرایەتیی 10 کەرتی خزمەتگوزاری لە کۆی 11 کەرت دەکات؛ (کامو-سەن) نوێنەری کەرتی رۆشنبیری و هونەرە. بەهۆی ئەوەی زۆرترین ئەندامی هەیە، مەمور-سەن سەرۆکایەتیی شاندی دانوستاندنکار دەکات.
کام فیدراسیۆنانە مانگرتنەکە دەکەن؟
ئەمڕۆ لە سەرتاسەری تورکیادا، حەوت فیدراسیۆن بە پێشەنگیی (فیدراسیۆنی سەندیکاکانی کارمەندانی گشتی) چالاکیی هاوبەشی مانگرتن دەکەن. هەردوو فیدراسیۆنی دەسەڵاتپێدراو لەسەر مێزی دانوستاندنیش واتە (مەمور-سەن) و (تورکیا کامو-سەن) چالاکیی خۆیان بە جیا رێکدەخەن.
فیدراسیۆنە بەشداربووەکان و ژمارەی ئەندامانیان:
کەسک KESK: 166.266 ئەندام
مەمور-سەن: 1.078.831 ئەندام
تورکیا کامو-سەن: 560.060 ئەندام
بیرلەشیک کامو-ئیش: 189.332 ئەندام
دەمەکە DMK: 106.508 ئەندام
چالیشان-سەن: 6.139 ئەندام
باسک BASK: 4.524 ئەندام
هاک سەن HAK-SEN: 2005 ئەندام
یورت سەن YURT-SEN: 1589 ئەندام
ئاسیم سەن ASİM-SEN: 512
خۆپێشاندانەکان کەی و لە کوێ دەبن؟
ئەنقەرە
مەمور - سەن: کاژێر 14:00 لە بەردەم بارەگای سەرەکیی خۆیانەوە بەرەو گۆڕەپانی ئانادۆڵو رێپێوان دەکەن و دواتر لە کاژێر 14:30 لە هەمان گۆڕەپان گردبوونەوەیەک ساز دەکەن، پاشان بەرەو وەزارەتی گەنجینە و دارایی بەڕێدەکەون.
کامو-سەن: لە 81 پارێزگادا لە گۆڕەپانەکاندا دەبن
حەوت فیدراسیۆنەکە کاژێر 11:00 لە بەردەم وەزارەتی کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتی کۆدەبنەوە.
لە پارێزگاکانی دیکەشدا، خۆپێشاندان و چالاکیی جەماوەری لە گۆڕەپانە سەرەکییەکاندا بەڕێوەدەچن.