وەزارەتی بەرگریی تورکیا: کشانەوەی هێزەکانمان لە سووریا، بەندە بە نەمانی هەڕەشەی تیرۆر
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە، هێزی وڵاتەکەی بۆ دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی سنوورەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە خاکی سووریان. گوتیشی، هەڵسەنگاندنی نوێ بۆ کشانەوە بەندە بە نەمانی تەواوی هەڕەشەکانی تیرۆر.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2025، لیوا زەکی ئاکتورک، راوێژکاری پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی رێکخست.
سەبارەت بە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی سەر بە سوپای تورکیا لە خاکی سووریا، لیوا زەکی ئاکتورک رایگەیاند، "سوپای تورکیا بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایشی وڵات و سنوورەکانمان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و رێگریکردن لە رێڕەوی تیرۆر و لە چوارچێوەی مافی بەرگریی رەوا کە لە یاسای نێودەوڵەتییەوە سەرچاوەی گرتووە، لە سووریایە."
راشیگەیاند: "کشانەوەی یەکە سەربازییەکانمان لە سووریا تەنیا لەو دۆخەدا دەتوانرێت سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، کە ئاسایشی سنوورەکانمان بە تەواوی دابین بکرێت و هەڕەشەی تیرۆر بە تەواوی نەمێنێت".
سەبارەت بە دابینکردنی سیستمی بەرگریی بۆ ئیدارەی یۆنانی لە قوبرسی باشوور لەلایەن ئیسرائیلەوە، رایگەیاند: "بە وریاییەوە چاودێری هەموو جۆرە هەوڵێک دەکرێت کە بۆ تێکدانی هاوسەنگییەکانی دورگەکە دەدرێت. رێوشوێن بۆ ئاسایش و ئارامیی کۆماری تورکی قوبرسی باکوور دەگیرێتەبەر".
گوتی: "تورکیا هاوشێوەی دوێنێ، ئەمڕۆش لە پاڵ کۆماری تورکی قوبرسی باکوورە و پشتیوانی دەکات. گەلی تورکی قوبرس لە ژێر پاراستنی تورکیادایە."