هەرێمی کوردستان رۆژانە 4.6 ملیۆن هێلکەی زیادەی هەیە؛ بەغدا دەرگا بۆ هاوردەکردنی دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەغدا دەرگا بۆ هێلکەی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە کە رۆژانە چوار ملیۆن و 680 هەزار هێلکەی لە پێداویستیی ناوخۆ زیادە.
 
رۆژی پێنجشەممە 18-12-2025، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەرێمی کوردستان رۆژانە 20 هەزار کارتۆن هێلکە بەرهەم دەهێنێت، بەڵام پێداویستیی رۆژانەی ناوخۆ تەنیا حەوت هەزار کارتۆنە.
 
هەر کارتۆنێک 360 هێلکەی تێدایە؛ بەگوێرەی ئامارەکان کۆی بەرهەمی رۆژانە حەوت ملیۆن و 200 هەزار هێلکەیە. لەو بڕە تەنیا دوو ملیۆن و 520 هەزار هێلکە (7 هەزار کارتۆن) بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ بەکاردێت و رۆژانە 13 هەزار کارتۆن هێلکە، کە دەکاتە چوار ملیۆن و 680 هەزار هێلکە، زیادە دەمێنێتەوە.
 
بەگوتەی فیراس سدیق، پێشتر لیژنەیەک لە بەغداوە هاتبووە هەرێمی کوردستان و ناردنی هێلکەی بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق سنووردار کردبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخ و کەمیی بەرهەم لەو پارێزگایانە، "حکومەتی عێراق رێگەی داوە هێلکەی هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ کۆتوبەندێک رەوانەی ئەو ناوچانە بکرێت."
 
جیاوازیی نرخ هۆکارێکی دیکەی کردنەوەی رێگەکەیە؛ نرخی هێلکەی هەرێمی کوردستان بە تێکڕا 500 بۆ 1000 دینار لە هێلکەی بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەرزانترە.
 
وەلید زورفی، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، عێراق لە بەرهەمهێنانی هێلکەدا کورتهێنانی هەیە و نرخی تەبەقەیەک هێلکە گەیشتووەتە 7 هەزار دینار.
 
زورفی ئاماژەی بەوەدا، بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخ و پڕکردنەوەی پێداویستییەکان، ئەو سنووردارکردنەی پێشتر کە 70٪ بوو، هەڵگیراوە و رێگە بە هەناردەکردنی هێلکەی هەرێمی کوردستان دراوە، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی نرخ و سەقامگیریی بازاڕ. بەگوێرەی ئامارەکان عێراق ئەمساڵ نزیکەی 500 ملیۆن هێلکەی بەرهەم هێناوە.
 
سەرەڕای کردنەوەی دەرگا بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران، بەڵام بەرپرسەکەی هەرێمی کوردستان نیگەرانیشە لەوەی هاوسەنگی بازاڕ تێکبچێت.
 
فیراس سدیق هۆشداریدا و گوتی: "ئەگەر بەتەواوی دەرگا بکرێتەوە، هەموو هێلکەی هەرێمی کوردستان دەچێتە ناوەڕاست و باشوور، ئەوکات گرفت بۆ بازاڕی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت، بۆیە ئێمە سنوورێکمان بۆ ناردنی هێلکە داناوە تاوەکو هاوسەنگیی بازاڕی ناوخۆ تێک نەچێت."
 
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ ئاماژەی بەوەش کرد، خواست لەسەر هێلکە بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا زیاد دەکات کە بۆ کاری هەویرکاری و شیرینی زیاتر بەکاردەهێندرێت، ئەوەش لەکاتێکدایە بەهۆی قەدەخەکردنی هاوردەکردنی هێلکە و گرانبوونی لە بازاڕە جیهانییەکان، پارێزگاکانی عێراق زیاتر پشت بە بەرهەمی هەرێمی کوردستان دەبەستن.