143 کەس لە تورکیا بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا 143 کەس بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکران.
ئەمڕۆ شەممە، 19ـی نیسانی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا بڵاویکردەوە، ئۆپەراسیۆنێکی فراوان و هاوکاتیان لە 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان دژی بازرگانانی مادەی هۆشبەر ئەنجام داوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئۆپەراسیۆنەکە بەرەبەیان و بە هاوئاهەنگیی هێزەکانی ئاسایش، پۆلیس، جەندرمە و هەواڵگریی وەزارەتی ناوخۆ کراوە. هێزەکان لە هەر 11 پارێزگاکەدا هەڵیانکوتاوەتە سەر 166 شوێن.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 143 گومانلێکراو دەستگیرکراون. دوای لێکۆڵینەوە و بردنە بەردەم دادوەر، پێنج گومانلێکراو بە مەرجی دادی ئازادکراون و 138 گومانلێکراوەکەی دیکەش بڕیاری دەستبەسەرکردنیان دراوە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، پار 44 هەزار و 824 ئۆپەراسیۆن دژی بازرگانانی مادەی هۆشبەر کران و لەو ئۆپەراسیۆنانەدا 72 هەزار و 421 گومانلێکراو دەستگیرکران کە 32 هەزار و 425 کەسیان بە زیندانیکردن سزادران. لە سەرجەم ئۆپەراسیۆنەکاندا دەستبەسەر 86 تۆن مادەی هۆشبەری جۆراوجۆر و 105 ملیۆن حەبی بێهۆشکەر لە سەرجەم جۆرەکاندا گیرا.