رەجەب تەیب ئەردۆغان: تیرۆر زیاتر لە هەمووان زیانی بە ژنان گەیاندووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، شەڕ لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) زیانی زۆری بە وڵاتەکە گەیاندووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''کێشەی تیرۆر زیاتر لە هەمووان، زیانی بە ژنان گەیاندووە، لەوانە دایکانی دیاربەکر''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی شەممە، 19ـی نیسانی 2025، لە ئیستەنبووڵ لەبارەی رۆڵی ژنان لە چالاکییەکانی وڵاتەکەی گوتارێکی پێشکێشکرد.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، شەڕی 40 ساڵەیان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) زیانێکی زۆری بە وڵاتەکە گەیاندووە؛ گوتیشی: ''کێشەی تیرۆر زیاتر لە هەمووان، زیانی بە ژنان گەیاندووە، لەوانە دایکانی دیاربەکر''.
گردبوونەوەی (دایکانی دیاربەکر) تایبەتە بەو ژنانەی باس لەوە دەکەن، پەکەکە رۆڵەکانی بردوونەتە شاخ. یەکەمین گردبوونەوەیان لە ساڵی 2019 لە بەردەم بارەگای هەدەپە بوو.
سەرۆککۆماری تورکیا رووی دەمی کردە ژنانی باکووری کوردستان و تورکیا و گوتی: ''تورکیا لە سایەی پاڵپشتیی ئێوەوە، دەگات بە سەقامگیری، خۆشگوزەرانی و ئاییندەیەکی بێ تیرۆر''.
ئەو گوتانەی ئەردۆغان لە کاتێکدان، 1ـی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری نرا و ئەوە لەلایەن دەم پارتی بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" و لەلایەن حکومەتی تورکیاشەوە بە "کۆتاییهێنان بە تیرۆر" ناوی دەبرێت.
لەو چوارچێوەیەدا شاندی ئیمرالیی دەم پارتی، سێ جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاندووە.
شاندەکە رۆژی 27ـی شوباتی ئەم ساڵ پەیامێکی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بە رای گشتی راگەیاند کە تێیدا داوای لە پەکەکە کرد، "کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت."
پەکەکە دوای دوو رۆژ لە پەیامەکە رایگەیاند، بەو مەرجەی ئۆجەلان خۆی بەشداری لە کۆنگرەکە بکات، پابەندی پەیامەکەی دەبێت.