تورکیا: دەست بەسەر 106 کیلۆگرام کۆکایندا گیرا کە بەهاکەی 11 ملیۆن دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، لە کەشتییەکدا کە ئاڵای پەنەما هەڵکردبوو، دەست بەسەر 106 کیلۆگرام کۆکایندا گیراوە کە بەهاکەی زیاتر لە 11 ملیۆن دۆلارە و گوتی، "رێگە بە بازرگانانی مادەی هۆشبەر نادەین."
رۆژی یەکشەممە، 19ـی نیسانی 2026، ئاکن گورلەک، لەبارەی ئۆپەراسیۆنێکی مادەی هۆشبەرەوە رایگەیاند، "رێگە بە بازرگانانی مادەی هۆشبەر نادەین." ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرپەرشتیی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبوڵ، بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکان و دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی (میت) ئەنجامدراوە.
گورلەک راشیگەیاند، لە کەشتییەکدا کە ئاڵای پەنەما هەڵکردبوو، دەست بەسەر 106 کیلۆگرام کۆکایندا گیراوە کە بەهاکەی 11 ملیۆن و 150 هەزار دۆلارە.
وەزیری دادی تورکیا گوتی، "بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووەی کە لە ئەنجامی هاوئاهەنگیی بەهێزی دەوڵەتەکەماندا ئەنجامدرا، پێش ئەوەی بگاتە نێو کۆمەڵگەمان، رێگری لێکرا."
وەزیری دادی تورکیا لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی، لەسەر بنەمای رێگەپێنەدانی تەواوەتی بە بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، سوورین لەسەر پاککردنەوەی شەقامەکانمان لەم بەڵایە و بنبڕکردنی بازرگانان."
هەروەها گوتی، "دونیا لە بازرگانانی مادەی هۆشبەر تەنگ دەکەین."