تورکیا دەیەوێت ببێتە بنکەیەکی هەرێمی لە بەرهەمهێنانی پاتریدا
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئیستەنبووڵ رایگەیاند، "خستنەچوارچێوەی ستراتیژیی پاترییەکانی لیتیۆم-یۆن، گرنگترین بەشی ستراتیژیی تورکیایە بۆ بوون بە بنکەیەکی هەرێمی لە بەرهەمهێنانی پاتریدا."
لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییەی لەلایەن وەزارەتی پیشەسازی و تەکنەلۆژیای تورکیاوە ئامادەکراوە، گۆڕانکاری لە پێناسەی "لیستی مادە خاوە گرنگەکان"دا کرا. لیستەکە 36 بەرهەم لەخۆدەگرێت کە بۆ ئابووریی وڵاتەکە گرنگیی ئابووری و ستراتیژیی بەرزیان هەیە و مەترسیی پچڕانی دابینکردنیان لەسەرە.
بە خستنەچوارچێوەی بەرهەمە ستراتیژییەکانەوە، تەکنەلۆژیای پاتریی لیتیۆم-یۆن ئامانجی ئەوەیە میکانیزمەکانی پەسندکردن و دابینکردنی دارایی خێراتر بکرێن. بەتایبەتی لە وەبەرهێنانەکانی ئۆتۆمبێلی کارەباییدا، کە پرۆسەکانی بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی پاتری دەگرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان و پێکدادانە هەرێمییەکانی ئەم دواییە، بوونەتە هۆی ناجێگیری لە بازاڕەکانی وزەدا و ئەمەش راستیی کاریگەریی لەسەر خواستی ئۆتۆمبێلی کارەبایی کردووە. هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت، لە ماوەی کورتدا بەکارهێنەران بەرەو چارەسەرە وزەییەکانی دیکە ئاراستە دەکات و لە ماوەی مامناوەند و درێژخایەنیشدا، ئامانجی وڵاتان بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سووتەمەنییە بەبەردبووەکان بەهێزتر دەکات.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای شیکاریی "بێنچمارک مینڕاڵ ئینتێلیجێنس"ـی لەندەنی بۆ فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، لە مانگی ئاداری رابردوودا 1.75 ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە جیهاندا فرۆشراون. فرۆشی مانگی رابردوو، بەراورد بە پار بە 3% و بەراورد بە مانگی پێشتر بە 66% زیادیکردووە. بەرزبوونەوەی ژمارەی پێوانەیی لە ئەورووپا کاریگەریی لەسەر ئەم گەشەیە هەبووە.
مەترسییەکانی وزە لە ناوچەکەدا مەیلی خەڵک بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی زیاتر دەکات
شەکیب ئاڤداگیچ، سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئیستەنبووڵ، بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، فراوانکردنی پێناسەی ماددە خاوە گرنگەکان لەلایەن وەزارەتی پیشەسازی و تەکنەلۆژیاوە و خستنە چوارچێوەی ستراتیژیی پاترییەکانی لیتیۆم-یۆن، ئەوە دەردەخات کە بانگەشەی تورکیا بۆ بوون بە "بنکەیەکی بەرهەمهێنانی هەرێمی" لەنێوان ئەورووپا و ئاسیادا لە رووی کاتەوە چەندە گرنگە.
ئاڤداگیچ ئاماژەی بەوەشکرد، بارودۆخەکە لە بەرژەوەندیی تورکیایە، بەتایبەتی لە کاتێکدا ئەورووپا بەدوای جێگرەوەیەکدا دەگەڕێت بۆ بەرهەمهێنەرانی ئاسیا. گوتی: "خستنە چوارچێوەی ستراتیژیی پاترییەکانی لیتیۆم-یۆن، گرنگترین بەشی ستراتیژیی تورکیایە بۆ بوون بە بنکەیەکی هەرێمی لە بەرهەمهێنانی پاتریدا. ئەم بڕیارە هاندەر دەبێت بۆ بەرهەمهێنانی پاتری نیشتمانی و ناوخۆیی و هەروەها بۆ وەبەرهێنانی راستیی بیانی لەم بوارەدا."
ئاڤداگیچ ئاماژەی بەوەدا پاترییەکانی لیتیۆم-یۆن لە دڵی ئەلیکترۆنیاتی ئەمڕۆدان و گوتی، چوار کەرتی گرنگ کە بریتین لە گواستنەوە، بەرگری، وزە و تەندروستی، پشت بە هەمان زنجیرەی ماددەی خاو و هەمان تەکنەلۆژیا دەبەستن. باسی لەوەشکرد، ئەم پاترییانە نەک تەنیا بۆ ئۆتۆمبێلەکان، بەڵکو بۆ بەکارهێنانەکانی بواری بەرگری، سیستەمەکانی کۆگاکردنی وزە و هەموو بەکارهێنانە پیشەسازییەکانیش بەرهەمێکی ستراتیژین.
گوتی: "ئەم رێکخستنە، رێگە بۆ بەرهەمهێنان و پرۆسەکانی توێژینەوە و پەرەپێدانی پاتری خۆش دەکات. لە هەمان کاتدا بە دابینکردنی دەرفەتی پەسندکردن و دارایی خێراتر، بەتایبەتی لە وەبەرهێنانەکانی ئۆتۆمبێلی کارەباییدا، خواستی وەبەرهێنان زیاد دەکات. تەکنەلۆژیای پاتری، بەهایەکی ئەوەندە گەورەی هەیە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێتە یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی سەروەریی ئابووری."
روونیکردەوە کە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەهۆی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، گواستنەوەی بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی خێراتر کردووە. مەترسییەکانی وزە لە ناوچەکەدا، مەیلی خەڵک بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی زیاتر دەکات. رەنگە ببێتە هۆکاری تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی نوێ لە فرۆشدا. ناسکیی زنجیرەی دابینکردنی لیتیۆم و کانزا گرنگەکانی دیکە، وڵاتان ناچار دەکات توانای بەرهەمهێنانی ستراتیژی دروست بکەن.
سەبارەت بە چالاکییەکانی تورکیا لەم بوارەدا، شەکیب ئاڤداگیچ رایگەیاند، تورکیا وڵاتێکە کاری چڕ دەکات بۆ دابینکردنی پێداویستیی ماددەی خاوی لیتیۆم لە رێگەی بەرهەمهێنانی ناوخۆییەوە. هەروەها سیاسەتێکی دەرەکیی کاریگەر پەیڕەو دەکرێت بۆ دابینکردنی هەموو ئەو کانزایانەی کە بۆ پاتری پێویستن.
ئەم بڕیارە پێگەی تورکیا لە سیستەمی پاتری و ئۆتۆمبێلی کارەباییدا بەهێزتر دەکات
شەکیب ئاڤداگیچ رایگەیاند، هەنگاوێکی گرنگ نراوە بۆ ئەوەی تورکیا ببێتە ناوەندێکی بەرهەمهێنانی پاتری و گوتی: "بڕیارەکە مەترسیی پچڕانی دابینکردنی ماددە خاوەکانیش کە لە بەرهەمهێنانی پاتریدا بەکاردەهێنرێن، بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە. ئەم رێکخستنە، هاندانێکی گەورە دەداتە وەبەرهێنانەکانی کۆگاکردنی وزە و ئۆتۆمبێلی کارەبایی. هەروەها کارئاسانی دەکات بۆ وێستگەکانی وزەی با و خۆر کە توانای پاتری بە رێژەی هێزی دامەزراویان دابمەزرێنن."
ئاڤداگیچ باسی لەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت قەبارەی بازاڕی جیهانیی پاتریی لیتیۆم-یۆن لە ساڵی 2026دا بگاتە 130-140 ملیار دۆلار و ئاماژەی بەوەدا، نزیکەی 55%ـی ئەم بازاڕە لە ناوچەی ئاسیا-پاسفیکدایە.
"ئەم بڕیارە بە لەبەرچاوگرتنی راستییە جیۆپۆلەتیکییەکان هەنگاوێکی لۆژیکییە"
ریکۆ لومان، ئابووریناسی باڵای کەرتی گواستنەوە و لۆجستی لە گرووپی ING، رایگەیاند، لەم دواییەدا گۆڕانکارییەک لە پاترییەکانی NMC (نیکڵ-مانگانێز-کۆباڵت) بۆ پاترییەکانی LFP (لیتیۆم-ئاسن-فۆسفات) بەدی دەکرێت، چونکە هەرزانتر و کێبڕکێکارترن.
لومان ئاماژەی بەوەدا، ئەم دۆخە خواستی لەسەر پاترییەکانی LFP زیاد کردووە و بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لەلایەن براندەکانەوە لە تورکیا، پشتگیری لەم پرۆسەیە دەکات. گوتی: "یەکێتیی ئەورووپا دەیەوێت پشتبەستنی زۆری بە چین لە دابینکردنی پاکێجی پاتریدا کەم بکاتەوە و پێویستە ئەوەمان لەبیر بێت تورکیا رێککەوتنی یەکێتیی گومرگی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپادا هەیە."
لومان، لەبارەی گۆڕانکارییەکەی تورکیا لە پێناسەی "لیستی ماددە خاوە گرنگەکان"دا، گوتی: "پێموایە بڕیاری فراوانکردنی چوارچێوەی ماددە خاوە گرنگەکان بۆ ئەوەی پێکهاتەکانی پاتریی لیتیۆم-یۆنیش بگرێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی راستییە جیۆپۆلەتیکییەکان و پرۆسەی رۆژ لە دوای رۆژ زیاتری کارەباییکردن، هەنگاوێکی لۆژیکییە. یەکێتیی ئەورووپاش یاسای ماددە خاوە گرنگەکانی پەسند کردووە کە هەمان بابەت چارەسەر دەکات. بەڵام لە کردەوەدا، گەیشتن بە خۆبژێوی ئەوەندە ئاسان نییە. چونکە چین، هەم بەهۆی قەبارەی بەرهەمهێنانی و هەم بەهۆی ئەوەی کە زۆربەی پاڵاوگەکانی کانزای پاتری لەخۆدەگرێت، سوودێکی کێبڕکێکاری لە بەرهەمهێنانی پاتریدا هەیە. پاکێجەکانی پاتریی بەرهەمی چین لە رووی نرخەوە زۆر سەرنجڕاکێشن."