ئاکپارتی بۆ وەزیرەکانی: پێش کۆبوونەوەی فراکسیۆن وەڵامی رۆژنامەڤانان مەدەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی فراکسیۆنی ئاکپارتی رێنمایی نوێ ئاراستەی وەزیرانی حکومەتی تورکیا دەکات و داوایان لێدەکات بەرامبەر میدیاکان بێدەنگی هەڵبژێرن؛ بەپێی رێنماییەکان، داوا لە وەزیرەکان کراوە پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکە لە هۆڵی پەرلەماندا، چاوپێکەوتن نەکەن و لێدوان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن نەدەن.
سەرۆکایەتیی فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، لە رێگەی نووسراوێکی فەرمییەوە کە ئاراستەی وەزیرەکانی کابینەکەی کردووە، داوای لێکردوون پێش کۆبوونەوەی فراکسیۆن، خۆیان لە لێدوان و وەڵامدانەوەی پرسیاری رۆژنامەڤانان بەدوور بگرن.
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەڵسەنگاندن بۆ رۆژەڤ و زانیارییە پێویستەکان لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمار و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتییەوە پێشکەش دەکرێن.
لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا هاتووە، لێدوانی وەزیرەکان بۆ ئاژانس و دەزگاکانی راگەیاندن و چاوپێکەوتن لەناو هۆڵی کۆبوونەوەی فراکسیۆندا، دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ لە کاتی ئامادەکارییەکانی هۆڵەکەدا؛ بۆیە داوا لە وەزیرەکان کراوە لەم بابەتەدا هەستیاریی زۆرتر پیشان بدەن.
پێشتر رۆژانی چوارشەممە پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتی، ئەو وەزیرانەی بەشدار دەبوون وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانیان دەدایەوە. ئەم ئاڵوگۆڕی پرسیار و وەڵامەش تاوەکو چەند خولەکێک پێش پێشکەشکردنی گوتاری ئەردۆغان بەردەوام دەبوو.