بکوژەکەی مێرسین دوای کوشتنی 6 کەس خۆی کوشت

رووداو دیجیتاڵ

تۆمەتباری سەرەکیی کۆمەڵکوژییەکەی پارێزگای مێرسین لە تورکیا، دوای ئەوەی شەش کەسی کوشت و هەشتی دیکەی بریندار کرد، لە کاتی گەمارۆدانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
 
درەنگی شەوی رابردوو، مەتین ئۆزتورک (37 ساڵ)، کە بە زنجیرە هێرشێکی خوێناوی لە شارۆچکەکانی تارسوس و چامڵیایلا تۆمەتبار بوو، لە ناوچەیەکی دارستانیی گەمارۆدرا و پێش ئەوەی دەستگیر بکرێت، بە دەمانچە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.
 
دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە 19ـی ئایاری 2026، تۆمەتبارەکە زنجیرە هێرشەکانی کرد و رایکرد، هێزەکانی فەرماندەیی جەندەرمە و یەکەکانی هێزی تایبەت (PÖH) ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان دەستپێکرد. سەرەتا ئۆتۆمبێلەکەی لە دەشتاییەکانی گەڕەکی کاراکوتوک دۆزرایەوە، پاشان لە رێگەی هێلیکۆپتەر و درۆنی چاودێرییەوە، شوێنی خۆشاردنەوەی لە ماڵێکدا لە ناوچەی
دارستانیی "چۆکاک" دەستنیشان کرا. هێزە ئەمنییەکان رایانگەیاند، تۆمەتبارەکە رەتیکردووەتەوە خۆی رادەست بکات و پێش گەیشتنی هێزەکان بۆ ناو ماڵەکە، خۆی کوشتووە.
 
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، مەتین ئۆزتورک سەرەتا لە شارۆچکەی چامڵیایلا دەستی بە تاوانەکەی کردووە. دوای دەمەقاڵێ لەگەڵ "ئارزو ئۆزدەن"ی هاوژینی پێشووی، بە چەکی لوولەدرێژ تەقەی لێکردووە و کوشتوویەتی. پاشان بە ئۆتۆمبێلەکەی بەرەو شارۆچکەی تارسوس بەڕێکەوتووە بۆ تۆڵەکردنەوە لەو کەسانەی کێشەی لەگەڵیاندا هەبووە.
 
تۆمەتبارەکە لە تارسوس چووەتە سەر رێستورانتێک لە گەڕەکی "کادێللی" کە لەلایەن دوو براوە بەڕێوەدەبرا. لەوێ بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەستڕێژی گوللەی کردووە؛ لە ئەنجامدا "سەبری پان" لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستدا و "ئەحمەد ئەرجان جان"یش دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
 
بکوژەکە تەنیا بەوەوە نەوەستاوە، لە کاتی راکردنیدا لە گەڕەکی "یەنیمەهەلێ" گەنجێکی شوانی بە ناوی "یوسف ئۆکتای" کوشتووە. پاشان لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا تەقەی لە شۆفێرێکی بارهەڵگر بە ناوی "عەبدوڵڵا کۆجا" کردووە و کوشتوویەتی. قوربانییەکی دیکەی دەستی مەتین، شۆفێرێکی دیکەی بارهەڵگر بووە بە ناوی "گۆکای سێفیلۆغڵو" (50 ساڵ) کە ئەویش لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە.
 
دیمەنی کامێراکانی چاودێری نیشانی دەدەن کە تۆمەتبارەکە تەنانەت لەناو ئۆتۆمبێلەکەشییەوە بە چەکی لوولەدرێژ تەقەی لە مارکێتێک کردووە. لەم هێرشەدا کە بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر لە پارێزگای مێرسین، بە کۆی گشتی 6 کەس گیانیان لەدەستدا و 8 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ئێستا لە نەخۆشخانەکان لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.