لە ئەدەنە هەڵمەتی لێکردنەوەی تابلۆی عەرەبی دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئەدەنە و بە بڕیاری سەرۆکی شارەوانی، پۆلیس ئەو تابلۆیانە لادەبات کە نووسینی عەرەبییان لەسەرە و خاوەنی شوێنکارەکەش سزا دەدرێت.
دوای ئەوەی لە چەند مانگی رابردوودا هەڵمەتێکی نەهێشتنی تابلۆی عەرەبی دەستیپێکرد، لە رۆژی سێشەممە، 18-7-2023ـەوە لە پارێزگای ئەدەنەش ئۆپەراسیۆنێک بۆ هەمان مەبەست دەستیپێکردووە.
زەیدان کاراڵار، سەرۆکی شارەوانیی ئەدەنە بریاری داوە، تەواوی ئەو تابلۆیانەی بە زمانی عەرەبی نووسراون لێبکرێنەوە و خاوەن شوێنکارەکەش سزا بدرێت، چونکە زووتر ئاگادارکراونەتەوە کە بە زمانی عەرەبی نەنووسن.
بەگوێرەی راپۆرتێکی دەوڵەتی تورکیا کە رۆژی 15-6-2023 بڵاوکراوەتەوە، سێ ملیۆن و 351 هەزار و 582 پەنابەر لە باکووری کوردستان و تورکیا دەژین. پارێزگای ئەدەنە 240 هەزار و 809 پەنابەری تێدا تۆمارکراوە و دوای ئیستەنبووڵ، دیلۆک، رووها و هاتای، پێنجەمین پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیایە لە زۆری پەنابەران.