پەروین بوڵدان: هیچ کاتێك بۆ تەواوبوونی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە دیاری نەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، هیچ کاتێک بۆ تەواوبوونی پرۆسەی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دیاری نەکراوە. ئاماژە بەوەش دەکات، "ناتوانین کێشەیەکی 50 ساڵە لە دوو یان سێ مانگدا چارەسەر بکەین."
پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە هەڤپەیڤینێکدا گوتی، پرۆسەی چارەسەری بە قۆناخێکی گرنگدا تێدەپەڕێت؛ باسی لەوەش کرد، "دەکرێت جاروبار پچڕان و ئاستەنگ رووبدات، بەڵام دەتوانرێت پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام بگەیێندرێت."
بوڵدان ئەوەیشی خستەڕوو، هیچ کاتێك بۆ تەواوبوونی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە دیاری نەکراوە، "دیاریکردنیشی شتێکی دروست نییە، چونکە ناتوانین کێشەیەکی 50 ساڵە لە دوو یان سێ مانگدا چارەسەر بکەین. پرۆسەکە هەرچەندە خێراتر بێت و هەنگاوی خێراتری بۆ بنرێت باشترە، بە هۆکاری ئەوەی دەتوانین رێگری لە تێکدانی بکەین."
ئەو گوتەیەی بوڵدان لە کاتێکدایە، عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە ماوەی رابردوودا لە چەندین بەرنامەی تەلەڤیزیۆنی و کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاندووە، پێویستە "هەموو" گەریلاکانی پەکەکە لە چەند مانگێکدا چەکەکانیان دابنێن.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، کە پەروین بوڵدانیش یەکێک لە ئەندامانیەتی، رۆژی 6ی تەممووزی 2025 سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە.
بە گوتەی پەروین بوڵدان، ئۆجەلان لەو دیدارەدا گوتوویەتی، دەبێت لە چوارچێوەی یاسادا مافی سیاسەتکردن بە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە تورکیا بدرێت، ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەگەر چاکسازیی یاسایی نەکرێت، پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام ناگات."
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارەی تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەستیپێکرد.
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.