باخچەلی داوای هاوپەیمانیی تورکیا، رووسیا و چین بەرامبەر هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) وەڵامی گوتەیەکی بنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی تایبەت بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دایەوە، کاتێک چەند رۆژێک لەمەوبەر گوتی، "ئەردۆغان، ئورشەلیم (قودس) شاری ئێمەیە؛ شاری ئێوە نییە؛ شاری ئێمەیە؛ هەمیشە شاری ئێمە دەبێت؛ جارێکی دیکە دابەش نابێتەوە."
 
رۆژی پێنجشەممە 18ی ئەیلوولی 2025 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە رێگەی پەیامێکی نووسراوەوە پێشنیازی کرد "هاوپەیمانیی تورکیا، رووسیا و چین" دژی هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل پێکبهێندرێت.
 
باخچەلی رەخنە لە سیاسەت و هەنگاوەکانی ئیسرائیل لە غەززە دەگرێت و دەڵێت، "ئیسرائیل بە تاوانی کۆمەڵکوژیی ئاشکرا بووەتە نەفرەتلێکراوی سەر زەوی."
 
سەرۆکی مەهەپە ئاماژە بە هێرشەکانی سەر غەززە لە 07-10-2023ەوە دەکات و دەڵێت، "چیدیکە ئارامیمان بەرامبەر ئەو کارەساتە مرۆییەی لە غەززە بەردەوامە، نەماوە."
 
باخچەلی باس لەوە دەکات، پێویستە هەموو جیهانی ئیسلامی، بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو، خاوەندارێتی لە دۆزی فەلەستین بکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، راگەیێندراوی کۆتایی لووتکەی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی - ئیسلامی کە لە 15ی ئەیلوول لە دەوحە بەڕێوەچوو و لە 25 خاڵ پێکهاتبوو، بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنی سەر غەززە بەس نەبوو.
 
سەرۆکی مەهەپە تیشک دەخاتە سەر کۆبوونەوەی داهاتووی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک دەرفەتێکی گرنگ ناوی دەهێنێ و دەڵێت، "پێویستە ئیسرائیل لە گۆشەگیریی جیهانیدا بهێڵدرێتەوە."
 
باخچەلی باس لەوە دەکات، گوتارەکەی ئەردۆغان لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستە "دەنگی هاوبەشی ستەملێکراوان و قوربانییان" بێت.
 
سەبارەت بە لێدوانەکانی ناتانیاهوو لەبارەی قودس - ئورشەلیم گوتی، "قودس حەرەمی شەریفە، شانازیی ئێمەیە، شکۆی یەکەم قیبلەمانە؛ قودس ئیسلامە؛ قودس نیشتمانە؛ قودس ویژدانە؛ قودس نامووسی هەموومانە."
 
باخچەلی ناوی عومەری کوڕی خەتاب، سەڵاحەدینی ئەیوبی، یاوز سوڵتان سەلیم و سوڵتان سولەیمانی قانونی دەهێنێت کاتێک باسی قودس- ئورشەلیم دەکات و دەڵێت، "100 ساڵ لەمەوبەر ناچار بووین واز لە قودس بهێنین، بەڵام ئەمجارە بە چارەنووسی خۆیەوە بەجێی ناهێڵین."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا ستراتیژییەکی جێگرەوە دژی هاوپەیمانیی ئەمریکا - ئیسرائیل پێشنیاز دەکات و دەڵێت، "لە بەرامبەر هاوپەیمانیی خراپەکاریی ئەمریکا - ئیسرائیل کە تەحەدای جیهان دەکات، گونجاوترین بژاردە دامەزراندنی هاوپەیمانیی تورکیا، رووسیا و چینە."
 
چی روویدا؟
 
رۆژی 16ی ئەیلوولی 202 بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گەشتێکیدا بۆ تونێلێکی نزیک مزگەوتی ئەقسا، بە ئامادەبوونی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا؛ رەخنەی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گرت و هۆکاری ئەوەش بۆ رووداوێکی ساڵی 1998 گەڕایەوە بەهۆی رادەستنەکردنی پاشماوەیەکی مێژوویی بە ئیسرائیل لەلایەن تورکیاوە.
 
نەتانیاهوو رایگەیاند، لە ساڵی 1998دا هەوڵی داوە "نووسراوی سەر تاشەبەردی سیلوان"ی مێژوویی بەدەست بهێنێت کە لە سەردەمی عوسمانییەکاندا لە قودس - ئۆرشەلیم دۆزراوەتەوە و ئێستا لە مۆزەخانەی شوێنەوارەکانی ئیستەنبووڵ پارێزراوە. بەگوێرەی نەتەنیاهوو، ئەو تاشەبەردە بایەخێکی مێژوویی گەورەی بۆ جووەکان هەیە.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، لە ساڵی 1998دا پەیوەندی بە مەسعود یڵماز، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیاوە کردووە و پێشنیاری ئاڵوگۆڕکردنی نووسراوی تاشەبەردی سیلوان لەگەڵ هەر پارچە شوێنەوارێکی عوسمانی کردووە کە لە قودس- ئورشەلیم هەبێت. نەتەنیاهوو دەڵێت، "پێم گوت: هەزاران پارچە شوێنەواری عوسمانی لە مۆزەخانەکانماندا هەن. هەر دانەیەکت پێ خۆشە هەڵیبژێرە، با بیگۆڕینەوە بە نووسراوی تاشەبەردی سیلوان، بەڵام رەتیکردەوە."
 
نەتەنیاهوو گوتیشی، کاتێک پرسیاری هۆکاری رەتکردنەوەکەی کردووە، یڵماز لە وەڵامدا گوتوویەتی کە "بناخەیەکی جەماوەری گەورە هەیە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەوکاتی ئیستەنبووڵ سەرۆکایەتی دەکات. ئەم بناخەیە زۆر تووڕە دەبێ ئەگەر تاشە بەردەکە رادەستی ئیسرائیل بکرێت." 
 
لەکۆتایی گوتارەکەیدا، نەتانیاهوو گوتی، "بەڕێز ئەردۆغان، ئورشەلیم (قودس) شاری ئێمەیە، نەوەک شاری تۆ؛ هەمیشە شاری ئێمە دەمێنێتەوە؛ جارێکی دیکە دابەش ناکرێتەوە."