داوای لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە پهرلهمانتارێکی یەسەپە دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی تورکیا بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی چەپی سەوز (یەسەپە) دۆسیەی تاوانی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی تورکیا، دۆسیەیەکی تاوان لە دژی هەڤاڵ بۆزداغ، پەرلەمانتاری 28ـەمین خولی فراکسیۆنی یەسەپە لە بازنەی ئاگری لەلایەن وەزارەتی دادی تورکیاوە ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە. سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش دۆسیەکانی ئاراستەی لیژنەی دادپەروەری و دەستوور کردووە.
رۆژی 15ـی تشرینی یەکەمی 2023، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاندبوو، دوو ئەندامی پەکەکە بە ناوەکانی رۆناهی تونچ و هازاڵ کارابێی لەناو ئۆتۆمبێلی هەڤاڵ بۆزداغ، پەرلەمانتاری یەسەپە لە بازنەی ئاگری دەستگیرکران. ئەم دوو ئەندامەی پەکەکە لە هەوڵدا بوون بە قاچاخ بچنە دەرەوەی تورکیا.
بەڵام یەسەپە وەڵامی وەزیری ناوخۆی تورکیای دایەوە و رایگەیاند، رۆناهی تونچ، ئەندامی ئەنجوومەنی رێکخستنی گەنجان و هازاڵ کارابێ، ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی پارتەکەیان بووە و بە ئۆتۆمبێلی هەڤاڵ بۆزداغ، بۆ کاروباری کۆنگرەی پارتەکەیان لە ئەنقەرەوە بەرەو ئاگری بەڕێکەوتبوون و لە نزیک ئەنقەرە دەستگیرکران.
بەپێی رێکارەکان، نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، دۆسیەکانی تاوان ئاراستەی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان دەکات بۆ بەدواداچوون لە نەبوونی کەموکورتی لە دۆسیەکان و دواتر ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەکان دەکات و دوای پەسەندکردنیان، لە رێگەی دەستەی سەرۆکایەتییەوە دەخرێتە بەرنامەی خشتەی کاری ئەنجوومەنی گشتیی بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دادی تورکیا، لە 27ـەمین خولی پەرلەمانی ئەم وڵاتەدا، هەزار و 418 دۆسیەی تاوان بۆ وەرگرتنەوەی متمانە و لێسەندنەوەی پارێزبەندی دژی پەرلەمانتاران پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراون. لەم ژمارەیەدا 1101 دۆسیە لە دژی پەرلەمانتارانی هەدەپە تۆمارکراون. سێ پەرلەمانتاری هەدەپەش بەناوەکانی سەمرا گوزەل، لەیلا گوڤەن و موسا فارسئۆغوڵڵاری متمانەیان لێسەندرایەوە.