وەزیری دادی تورکیا: لەبارەی سووکایەتیکردن بە لەیلا زانا لێکۆڵینەوە دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دادی تورکیا دەڵێ، لەبارەی گوتنەوەی درووشمی سووکایەتیئامێز دژی لەیلا زانا سیاسەتڤانی کورد، لێکۆڵینەوەی دادوەری و ئیداری پێویست دەکرێت. 
 
یڵماز تونچ، رۆژی پێنجشەممە 18ی کانوونی یەکەمی 2025 لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەماندا کە بۆ گفتوگۆکردنی بودجەی 2026 بەڕێوەچوو، وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانی دایەوە. 
 
تونچ، لەبارەی درووشمە سووکایەتیئامێزەکان دژی لەیلا زانا، رایگەیاند: "لەو چوارچێوەیەدا، شیکردنەوەی تۆمارە دەنگییەکان و لێکۆڵینەوەی هاوشێوە لەبارەی ئەو رووداوانەی روویانداوە بەڕێوەدەچن. دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لەسەر ئەم بابەتە کاردەکەن."
 
ئاماژەی بەوەشدا، وەرزش بەهایەکی گەردوونییە و نابێت ببێتە هۆکاری جیاکاری و ئامرازی پەراوێزخستن. تونچ، باسی لەوەش کرد کە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕن و گوتی: "هەموومان دەمانەوێت پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بە سەرکەوتن بگات. نامانەوێت هیچ هەڵوێست و رەفتارێک هەبێت کە زیان بەم پرۆسەیە بگەیێنێت. لەم قۆناخەدا، هەڵسوکەوتی بەرپرسیارانەی هەموو لایەک لە بەرژەوەندیی ئەم وڵات و گەلەدایە".
 
وەزیری دادی تورکیا دەڵێ، "لە کاتی دەربڕینی کاردانەوەشمان بەرامبەر رووداوی لەم شێوەیە، پێویستە گشتاندن نەکەین. ئەگەرنا بارودۆخێک دێتە ئاراوە کە زیان بە پرۆسەکە دەگەیێنێت. لەبەرئەوە، پێویستە هەموومان بەبێ ئەوەی بکەوینە داوی ئەم هاندانانە، بەتایبەتی لەپێناو ئارامی و ئاسایشی وڵاتەکەماندا بەرپرسیارانە بجووڵێینەوە. بە پێچەوانەوە وڵاتەکەمان زیانی پێدەگات. لەبارەی رووداوەکانەوە لێکۆڵینەوەی پێویستی کارگێڕی و دادوەری دەکرێن. بەتایبەتی شیتاڵکردنی تۆمارەکان و شتی دیکە... دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کاری لەسەر دەکەن."
 
رۆژی سێشەممە 16-12-2025، یانەی سۆماسپۆر لەنێو یاریگە و هاندەرانی خۆیدا میوانداریی یانەی بورساسپۆری کرد. لەکاتی یارییەکەدا، گرووپێک لە هاندەرانی بورساسپۆر، درووشمی سووکایەتیئامێزیان دژی لەیلا زانا گوتەوە کە یەکێکە لە ناوە دیارەکانی سیاسەتی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا. ئەمەش کاردانەوەی تووندی لێکەوتەوە.