فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە کۆجائێلی تورکیا کەوتە خوارەوە؛ "گومان دەکرێ رووسی بێت"

رووداو دیجیتاڵ

فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ناوچەیەکی دوورەدەستی سەر بە قەزای ئیزمیت لە پارێزگای کۆجائێلی تورکیا کەوتە خوارەوە. وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەڵێت، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە رووسییە و بۆ مەبەستی هەواڵگریی بەکارهێنراوە.
 
ئەمڕۆ هەینی 19ـی کانوونی یەکەمی 2025، هاووڵاتییەک بەناوی ئیسماعیل بایهان، لە کێڵگەکەی خۆی لە گوندی چوبوکڵوبالا سەرقاڵی کارکردن بوو و تێبینی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی کرد کە بە دارەکانەوە گیرببوو. بایهان یەکسەر هێزە ئەمنییەکانی ئاگادار کردەوە و تیمە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.
 
ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی دۆزراوەتەوە، درێژیی باڵەکانی نزیکەی دوو مەتر و نیو و درێژیی خۆیشی نزیکەی مەترێک و نیوە؛ ئاماژە بەوەش دراوە کە لە کاتی دۆزینەوەیدا کامێرای فڕۆکەکە لە کاردا بووە.
 
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی لە سنووری گوندی چوبوکڵوبالا دۆزراوەتەوە، بەپێی بەدواداچوونە سەرەتاییەکان، لە جۆری (Orlan-10)ـی رووسییە کە بۆ مەبەستی چاودێری و هەواڵگری بەکاردێ. لێکۆڵینەوەکان لەسەر هۆکاری کەوتنەخوارەوە و ناسنامەی وردی فڕۆکەکە بەردەوامن." 
 
رۆژی 15ی کانوونی یەکەم، وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-16 فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان خستووەتە خوارەوە کە کۆنترۆڵی لەدەستدابوو و هاتبووە ناو ئاسمانی وڵاتەکەوە. 
 
وەزارەتی بەرگری گوتی، بەهۆی بچووکیی قەبارە و بەرزیی ئاستی فڕینی، دەستنیشانکردنی ئەو جۆرە فڕۆکانە لە رێگەی رادارەوە کارێکی ئاسان نییە.