وەزیری ناوخۆی تورکیا: خۆكوژه‌كه‌ی ئیسته‌نبوڵ ئەندامی داعش بووە

 رووداو - ئەنقەرە

ئەفکان ئالا، وەزیری ناوخۆیی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە ناسنامەی خۆکوژەکەی ئیستەنبوڵی راگەیاند و گوتی "  ئەنجامدەری تەقینەوەکەی ئیستەنبوڵ ئەندامی داعشە و ناوی محه‌ممه‌د ئۆزتوركه‌ و خه‌ڵكی عه‌نتابه‌".

وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند : " قەدەخەی هاتووچۆ لە 7 ناوچە لە هەرێمی شرناخ  راگەیێندراوە" و، لەبارەی گرتنەبەری رێوشوینی ئەمنیش لە تورکیا لەم رۆژانەی داهاتوودا گوتی " رێوشوێنە ئەمنییەکان تووندتر دەکرێن لە یادەکانی نەورۆزدا".

ئەفکان ئالا هەروەها گوتی" تیرۆر هەڕەشە لە هەموو جیهان دەکات، بۆیە پێویستە رووبەڕووی ببینەوە و، دوودڵ نابین لە بەکارهێنانی هیچ رێگایەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان".

پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممە 2016/3/19، تەقینەوەیەک لە  ئیستەنبوڵ روویدا، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی توركیا دوایین ژماره‌ی قوربانیانیی راگه‌یاند كه‌ 6 كوژراو و 36 بریندارن‌.

تەقینەوەکە لە كۆڵانی باڵۆ له‌ شەقامی ئیستقلال، یەکێک لە قەرەباڵخترین شەقامەکانی شاری ئیستەنبوڵ ئه‌نجامدرا.

ئەمە دووەم تەقینەوەیە لە ماوەی مانگێکدا لە تورکیا رووبدات و ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 13-3-2016 لەنێوجەرگەی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا تەقینەوەیەکی دیکە روویدا، لە ئەنجامدا 37 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 120 کەس برینداربوون.