حکومەتی تورکیا کۆدەبێتەوە و رۆژەڤی سەرەکیی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست



رووداو دیجیتاڵ

کابینەی حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆشکی بێشتەپە لە ئەنقەرە کۆدەبێتەوە. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە دانوستاندنی نێوان ئەمریکا و ئێران دەبێت. هەروەها هەنگاوەکانی تورکیا لە چوارچێوەی جموجووڵی دیپلۆماسیدا تاوتوێ دەکرێن و کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر ئابووری دەخرێنە روو. 
 
کاژێر 15:30ـی رۆژی دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی مانگانەی کابینەی حکومەت دەکات. 
 
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا دەرهاویشتەکانی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا و ئەو جموجووڵە دیپلۆماسییە دەخرێنەڕوو. بڕیاری ئێران بۆ داخستنەوەی تەنگەی هورمز بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە لە کۆبوونەوەکەدا هەڵدەسەنگێندرێت؛ هەروەها ئەنجامەکانی داخستنی تەنگەی هورمز و سنووردارکردنی دابینکردنی وزە تاوتوێ دەکرێن و کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر ئابووریی تورکیا باس دەکرێن.
 
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، جەنگی رووسیا و ئۆکراینا دەبێت. لەنێو بەشداربووانی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیادا، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و ئاندری سیبیها، جێگری یەکەمی وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا ئامادەبوون. لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە هەنگاوەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئەو زیانانەی هێرشکردنە سەر کەشتییە مەدەنییەکان لە دەریای رەش بە دۆخی سەقامگیریی دەگەیێنێت و رێکارەکان دەکرێت.
 
هەروەها چاوەڕوان دەکرێ راپۆرتە مەیدانییەکان لەبارەی پرۆسەی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی پرۆسەی چارەسەریی تاوتوێ بکرێن.