نەوەیەکی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەستپێشخەرییەک بۆ گەنجانی تورکیا رادەگەیەنێت


رووداو دیجیتاڵ

لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا کە بریارە ئەم ساڵ لە تورکیا بەرێوەبچێت، عومەر بیلال ئەردۆغان، راوێژکاری پاڵەوانانی ئاستبەرزی کەشوهەوای کۆپ 31، ئاماژەی بە رۆڵی گەنجان لە بەرەوپێشبردنی بیرۆکەی داهێنەرانە لە بواری پاراستنی ژینگە و بەڕێوەبردنی پاشماوە و پرۆژەکانی ریسایکلین دا. 
 
عومەر بیلال ئەردۆغان گوتی: "گەنجان لە سەرانسەری جیهاندا بیرۆکەی زۆر داهێنەرانەیان لە بواری بەڕێوەبردنی پاشماوە و ئابووریی ریسایکلین هەیە، بەڵام زۆرێک لەم بیرۆکانە بەهۆی نەبوونی میکانیزمی پشتیوانیی رێکخراوەییەوە لە قۆناخی بیرۆکەدا دەمێننەوە. هەربۆیە رێبازی دەزگای  SIFIR ATIK  بۆ بزووتنەوەیەکی راستەقینەی گەنجان دەگۆڕین".
 
لەم چوارچێوەیەدا عومەر بیلال ئەردۆغان دەستپێشخەرییەکی نوێ بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵەی دیپلۆماسیی گەنجان، پلاتفۆرمی گەنجان بۆ سفر پاشماوە راگەیاند  و گوتی:" ئەم پلاتفۆرمە گەنجانی بەشداربوو دەکاتە بڕیاردەر، دیزاینەر و جێبەجێکار بۆ داهاتوو. جگە ئەوەش، بە هاوکاریی کۆمەڵەی دیپلۆماسیی گەنجان، خۆشحاڵم رایبگەیەنم کە کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتی گەنجان رێکدەخەین کە ئامانج لێی بەهێزکردنی رۆڵی گەنجانە لە بوارەکانی سفر پاشماوە و کاریگەریی کەشوهەوا".
 
عومەر بیلال ئەردۆغان لە ساڵی 2007 لە واشنتن لەدایکبووە. بیلال دووەمین کوڕی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیایە. 
 
سەرەڕای تەمەنە کەمەکەی، عومەر بەهۆی بەشداریکردنی لە چالاکییە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەتایبەتی لە بواری دیپلۆماسی، سەرنجی میدیاکانی راکێشاوە.
 
عومەر بیلال وەک کەسایەتییەک دەردەکەوێ کە رۆڵێکی چالاکانە لە ڕێکخراوەکانی گەنجاندا دەگێڕێ.
 
بڕیارە کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا (کۆپ 31) لە رۆژانی 9 تاوەکو 20ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ لە ئەنتاڵیا بەڕێوەبچێت.