دەم پارتی داوای دامەزراندنی میکانیزمێکی یاسایی بۆ بەدواداچوونی پرۆسەی چارەسەری دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

گولیستان کلچ کۆچییت، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی تورکیا، داواکاریی حیزبەکەی بۆ هاوێشتنی هەنگاوی یاسایی لەبارەی پرۆسەی نوێی چارەسەری دووبارە کردەوە و داوای دامەزراندنی "میکانیزمی چاودێری و بەدواداچوونی ئاشتی" کرد.
 
کۆچییەت ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە بەبێ کات بەفیڕۆدان هەنگاوە یاساییەکان بنرێن و رایگەیاند، ئەو هەنگاوە کۆنکرێتیانەی لەلایەن دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پێشنیاز کراون، بۆ خێراکردنی پرۆسەکە گرنگن. 
 
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان گوتی، پێویستە دەسەڵاتی سیاسی و پەرلەمان بێنەسەر هێڵ و رۆڵی خۆیان بگێڕن، چونکە رەوتی سیاسی پێویستی بە چوارچێوەیەکی یاساییە و ئاشتی بەبێ یاسا جێگیر نابێت.
 
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی راشیگەیاند، راپۆرتی لیژنەی پەیوەست بەم بابەتە خەسڵەتی پابەندکاری هەیە و پێویستە دامەزراوەی جێبەجێکردن بە چالاکی ئەرکەکانی سەرشانی جێبەجێ بکات؛ هەروەها گوتی، "هەر هەنگاوێک لەم پرۆسەیەدا بنرێ، دەبێتە گەرەنتییەک بۆ دیموکراسی، بۆیە پێویستە لە پرسی هەنگاوە یاساییەکاندا ئازایانە رەفتار بکرێ و سەیری دەستکەوتەکانی داهاتوو بکرێ."
 
کۆچییت ئاماژەی بەوەش کرد وەک دەم پارتی پێداگرن لە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان بۆ چەسپاندنی دادپەروەری بۆ هەمووان و گوتی، "ئێستا کێشەکە قسەکردن نییە، بەڵکو گۆڕینی قسەکانە بۆ کردار."
 
ئەم قسانەی دەم پارتی هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی هاوپەیمانی جمهوور (ئاکپارتی و مەهەپە) بۆ هەبوونی نەخشەڕێگەی نوێ لە پرۆسەی چارەسەری.
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە دوایین لێدوانەکانی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری داوای لە ئاکپارتی کرد، نەخشەڕێگەی پرۆسەکە نوێ بکاتەوە و هەنگاوی خێرا بنێ.
 
لە وەڵامی ئەو گوتانەی دەوڵەت باخچەلی، رۆژی سێشەممە 19-05-2026 عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکەن، نەخشەڕێگەی پرۆسەکە نوێ دەکەنەوە.