پەرلەمانی تورکیا پێشنیازێکی دەم پارتی بەهۆی دەستەواژەی 'شارە کوردییەکان' رەتکردەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا، پێشنیازێکی پەرلەمانتارێکی دەم پارتی بۆ لێکۆڵینەوە لە "کوشتنی بکەرنادیارەکان" رەتکردەوە؛ هۆکارەکەشی بۆ بەکارهێنانی دەستەواژەی "شارە کوردییەکان" لە نێو دەقی پێشنیازەکەدا گەڕاندووەتەوە.
 
نەورۆز ئویسال ئاسلان، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بازنەی شرنەخ، پێشنیازێکی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردبوو بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە "کوشتنی بکەرنادیارەکان، بێسەروشوێنکردن لەژێر چاودێریی دەوڵەت و لەسێدارەدانە نایاساییەکان."
 
"سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا بە واژۆی نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمان، پێشنیازەکەی بۆ پەرلەمانتارەکە گەڕاندووەتەوە و داوای کردووە دەستکاری بکرێت.
 
لە نووسراوی گەڕاندنەوەکەدا ئاماژە بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان کراوە و هاتووە: "دەستەواژەی 'شارە کوردییەکان' کە پێشنیازەکەدا هاتووە، ئەگەری هەیە ئازاری بەشێک لە کۆمەڵگە بدات و برینداری بکات." پەرلەمان داوای کردووە ئەو دەستەواژەیە لاببرێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کاری لەسەر بکرێت.
 
نەورۆز ئویسال ئاسلان، رۆژی چوارشەممە، 20ی ئایاری 2024، ناڕەزایەتیی تووندی بەرامبەر بڕیارەکە دەربڕی و رایگەیاند، لە پێشنیازەکەیدا هیچ گوتارێکی نەشیاو نییە.
 
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی گوتی: "ئەم بڕیارە لە هەفتەی ونبوواندا، پەیامێکی سیاسییە دژی کەسوکاری ونبووان، دایکانی شەممە و هەموو ئەو کەسانەی بەدوای راستییەکاندا دەگەڕێن."
 
ئاسلان رەخنەی لە گوتەکانی وەزیری دادی تورکیا گرت کە گوتبووی "دادپەروەری بەسەرچوونی نییە" و رایگەیاند، ئەگەر وایە دەبێت دادپەروەری بۆ دۆسیە هەستیارەکانی وەک: موسا عەنتەر و ڤەدات ئایدن، کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکی، رووداوەکانی لجێ، جزیرێ و ڤارتینیس جێبەجێ بکرێت.
 
رەتکردنەوەی پێشنیازەکان لە پەرلەمانی تورکیا بەهۆی بەکارهێنانی وشەی "کوردستان" یان "شارە کوردییەکان" بووەتە دیاردەیەکی بەردەوام و زۆرجار دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژی لەنێوان فراکسیۆنە کوردییەکان و سەرۆکایەتیی پەرلەماندا.