کڕینى موڵک لەلایەن عێراقییەکانەوە لە تورکیا 74% کەمیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
دەستەى ئامارى تورکیا رایگەیاند، لە پێنج مانگی یەکەمى ئەمساڵدا، کڕینى موڵک لەلایەن هاووڵاتیانى عێراقەوە لە تورکیا 74% کەمیکردووە و لە پێنج مانگى یەکەمدا تەنیا 809 موڵکیان کڕیوە.
بەگوێرەى ئامارێکى دەستەى ئامارى تورکیا، کە 19ى حوزیران بڵاویکردووەتەوە، لە پێنج مانگى یەکەمى ساڵى 2023دا، کڕینى موڵک لەلایەن هاووڵاتیانى عێراقەوە لەو وڵاتە بەراورد بە پێنج مانگى سەرەتاى ساڵى رابردوو، 74.86% کەمیکردووە، لەو ماوەیەدا تەنیا 809 موڵکیان کڕیوە.
ژمارەى موڵکى فرۆشراو بە هاووڵاتیانى عێراق لە مانگى کانوونى دووەم 229 موڵک بووە، لە مانگى شوبات 174 موڵک و لە مانگى ئادار 165 موڵک، مانگى نیسان 124 موڵک، مانگى ئایار 118 موڵک بووە.
لەئامارەکەدا هاتووە، لەهەمان ماوەى ساڵى 2022دا هاووڵاتیانى عێراق سێ هەزار و 2018 موڵکیان لە تورکیا کڕیوە.
لەمانگى نیساندا عێراقییەکان لە ریزبەندى پێنجەمى زۆرترین کڕیارى موڵک بوون لە تورکیا، لەکاتێکدا لە مانگى ئاداردا لە پلەى دووەمدا بوون.
کەمبوونەوەى ژمارەى ئەو موڵکانەى کە عێراقییەکان لە تورکیا دەیکڕن، پەیوەندارە بە گۆڕانکارى لە نرخى ئەو موڵکانە، کە دەفرۆشرێن بۆ ئەوەى کڕیارەکە رەگەزنامە بەدەست بهێنێت ئەوە جگە لە دابەزینى بەهاى لیرەى تورکى بەرامبەر دۆلار.