وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل: بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل دەڵێت، بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەن کە مەترسی لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەیان دروست بکات. لەبارەی پرۆسەی چارەسەریش ئاماژە بەوە دەکات، دەبێت پەکەکە و ''هەموو درێژکراوەکانی'' خۆیان هەڵبوەشێننەوە و چەکەکانیان دابنێن.
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا رۆژی هەینی، 20ی حوزەیرانی 2025 لە گوتارێکیدا لە مەڵەتی باکووری کوردستان، سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری گوتی، دەبێت پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ''بە هەموو درێژکراوەکانی لە ناوچە جیاجیاکاندا'' خۆیان هەڵبوەشێننەوە و چەکەکانیان دابنێن.
پەکەکە لە رۆژانی 5 - 7ی مانگی ئایار، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا.
یاشار گولەر لەبارەی جەنگی ئیسرائیل و ئێرانەوە ئاماژەی بەوە کرد: ''هێرشەکانی ئیسرائیل کە لە غەززە دەستیان پێکرد، لە لوبنان درێژەیان پێدرا و ئێستایش ئاراستەی ئێرانی دراوسێمان دەکرێن، تا دێت گرژیی زیاتر لە ناوچەکەمان دێنێتەکایەوە''.
وەزیری بەرگریی تورکیا جاختی لەوە کردەوە، رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر و ئامادەن بۆ هەموو سیناریۆیەک کە لە ئەنجامی جەنگی ئێران و ئیسرائیلدا دروست ببێت و مەترسی لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەیان دروست بکات.
ئەو گوتەیەی وەزیری بەرگریی تورکیا لە کاتێکدایە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی هەینی، 13ی ئەم مانگە، گوتی: "هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، پەیامێکی شاراوەیە بۆ تورکیایش. ئامانجی کۆتایی ئەم ناسەقامگیرییە، تورکیایە."
هەروەها بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی تورکیایش لەمبارەیەوە دەڵێن: ''ئیسرائیل دوای ئێران، تورکیا دەکاتە ئامانج''.
بەرەبەیانیی رۆژی هەینی، 13ی حوزەیرانی 2025 ئیسرائیل لەڕێی ئۆپەراسیۆنی ''شێری راپەڕیو'' هێرشی کردە سەر ئێران. کەمتر لە 20 کاژێر، ئێرانیش لەڕێی ئۆپەراسیۆنی ''پەیمانی راست 3'' هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردن، تاوەکو ئێستاش جەنگەکەیان بەردەوامە.