سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت پرۆسەی چارەسەری سەردەکەوێت


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ شاندێکی کوردانی ئێزدی کۆبووەوە و رایگەیاند، سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و هەوڵەکان بۆ بەلاڕێدابردنی پرۆسەکە، بەڵام ئامانجی "تورکیایەکی بێ تیرۆر" بە سەرکەوتن کۆتایی دێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 21-01-2026، نوعمان کورتوڵموش، لە پەرلەمانی تورکیا پێشوازی لە شاندێکی کوردی ئێزدی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئاک پارتی لەوانە فەرهاد ناسرئۆغڵو و زەکی کۆرکوتاتا، لەگەڵ وەیسی شاهین، سەرۆکی شارەوانیی میدیات ئامادەبوون.
 
نوعمان کورتوڵموش جەختی لە گرنگیی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی داواکارییەکانی ئێزدییەکان کردەوە و گوتی: "ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان و هەوڵی ئەوانەی دەیانەوێت پرۆسەکە بەلاڕێدا بەرن، تیشکی خستووەتە سەر سەرکەوتن و بە سەرکەوتنیش کۆتایی دێت."
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا پێیوایە ئەو پڕۆسەیە لە هەمان کاتدا بۆ ئاشتیی تەواوی ناوچەکە گرنگە.
 
سەبارەت بە دۆخی شنگال و کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان، کورتوڵموش هێرشی کردە سەر هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان و گوتی: "کۆمەڵکوژییەکەی شنگالیان بە رێکخراوێک بەناوی داعش کرد، دواتر پەیەدە و یەپەگەیان هێنایە بەرامبەری. لە پشتی هەموویانەوە ناوەندەکانی ئیمپریالیزم هەن، کە دەیانەوێت لەم جوگرافیایەدا لە رێگەی گرووپی بەکرێگیراوەوە گەلان بە شەڕ بدەن."
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بەڵێنی بە شاندەکە دا لەگەڵ پەرلەمانتاران بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانی ئێزدییەکانی دانیشتووی تورکیا و دەرەوەی وڵات بکەن.
 
کورتوڵموش گوتی: "وەک سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ئەوەی لەسەر شانمانە جێبەجێی دەکەین. پێویستە تورکیایەک بونیاد بنێین کە هیچ کەسێک نەتوانێت بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاری بهێنێت."
 
لئۆرهان ئۆنات، سەرۆکی کۆمیتەی یەکێتی و هاوپشتیی ئێزدییەکانی ئەڵمانیا، دۆسیەیەکی کە داواکارییە هاوبەشەکانیانی تێدابوو پێشکێشی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کرد.
 
ئۆنات ئاماژەی بە گرنگیی دیالۆگ کرد لە پرۆسەی چارەسەری کرد و رایگەیاند، ئێزدییەکان بۆ بەشداریکردن لەم پرۆسەیەدا کۆبوونەتەوە.