پەرلەمانتارێکی دەم پارتی: هێرشکردنە سەر ئاڵای تورکیا قبووڵکراو نییە
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بازنەی کۆجائێلی، لەبارەی هێرشکردنە سەر ئاڵای تورکیا لەسەر سنوور لێدوانێکی دا و رایگەیاند، رووداوەکە قبووڵکراو نییە و رووداوێکی تاکەکەسییە.
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە لە پەرلەمانی تورکیا ئەنجامیدا، جەختی لەوە کردەوە کە نابێت سووکایەتی بە بەها و پیرۆزییەکانی هیچ کەسێک بکرێت.
گەرگەرلیئۆغڵو، ئاماژەی بەوەش کرد وەک پارتەکەی بە هیچ شێوەیەک ئەو رووداوە قبووڵ ناکەن و گوتی: "ئەمە رووداوێک نییە قبووڵ بکرێت. ئێمە سووکایەتی بە بەها و پیرۆزییەکانی هیچ کەسێک ناکەین. ئەمە رووداوێکی تاکەکەسییە."
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی، ئاماژەی بە رێککەوتنی نێوان لایەنەکان لە سووریا کرد و هیوای خواست جارێکی دیکە خوێن لەو وڵاتەدا نەڕژێت. هەروەها رایگەیاند، دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی لە سووریا، دەتوانێت کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پرۆسەی تورکیاش هەبێت.
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، رێپێوانەکەی پارتەکەی لە شارۆچکەی نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردینی بەبیرهێنایەوە و ئاماژەی بە رووداوی داگرتنی ئاڵاکە لە نزیک سنوور کرد و دووپاتیکردەوە کە رەفتاری لەو شێوەیە قبووڵکراو نییە.
رۆژی سێشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2026 بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لەسەر سنووری قامشلۆ ئەنجامدا.
کاتێک هاووڵاتییان ویستیان بەرەو سنوور بڕۆن، پۆلیس رێگری لێکردن و ئاڵۆزی دروست بوو. چەند کەسێک ئاڵای تورکیایان لەسەر ستوونێک داگرت؛ دواتریش ئاڵای کوردستان لە شوێنەکەی بەرزکرایەوە.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا گوتی: "سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی مێردین دەستیان بە لێکۆڵینەوەی پێویستی دادوەری کردووە. رێکاری یاسایی بەرامبەر 390 کەس گیراوەتەبەر. بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 35 کەس دەرچووە. بڕیاری دەستبەسەرکردنیش بۆ 50 کەس دەرکراوە. 14 کەس تاوەکو ئێستا دەستبەسەرکراون."