عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی راگەیاندنی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" رایگەیاند، عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە، کە رۆژی 17ی مانگ لە کاری پەرلەمانی دوورخرایەوە، لەلایەن پۆلیسی پەرلەمانەوە دەستگیرکرا.
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، بە تۆمەتی ئەندامبوون و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە، متمانەی لێسەندرایەوە. دوای دوورخستنەوەی، بڕیاری مانگرتنی راگەیاند و چوار رۆژە لە ژوورەکەی خۆی لە پەرلەمان نەچووەتە دەرەوە. بەڵام بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 21-3-2021، لەلایەن پۆلیسی پەرلەمانی تورکیا دەستگیرکرا.
هەدەپە راشیگەیاند، هێزەکانی پۆلیسی پەرلەمانی تورکیا لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی کۆماریی، بە پاساوی کردنەوەی دۆسیەیەکی نوێی لێکۆڵینەوە، عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵویان دەستگیرکردووە.
هەر دوێنێ دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە، لەبارەی مانگرتنی عومەر گەرگەرلیئۆغڵۆ لەنێو باڵەخانەی پەرلەمانی تورکیا لە تویتەردا نووسی :"ئەگەر دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمان لەم بابەتەدا سنووردارە، دەکرێ بە خێرایی بڕگەیەکی یاسایی ئامادە بکرێت و پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت. جا لەگەڵ پەسندکردنی ئەو بڕگەیە دەکرێ و زۆریش پێویستە بەپەلە گەرگەرئۆغڵو بە خۆی و پێخەفەکەیەوە لە پەرلەمان بکرێتە دەرەوە".
رۆژی 21ی شوباتی 2018 داواکاری گشتیی کۆماریی لە پارێزگای کۆجائێلی، تۆمەتنامەی دژی عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو ئامادەکرد و داوای سزای دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکردنی کرد، ئەوەش بە تۆمەتی ئەندامبوون و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە.
رۆژی 20ی شوباتی 2021دا، 16یەمین دادگای سزا قورسەکانی پارێزگای کۆجائێلی، داوا و راسپاردەکەی داواکاری گشتیی پەسندکرد. لەسەر ئەو بنەمایە، داواکاری گشتی دۆسیەی تاوانی دژی ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە بۆ وەزارەتی دادی تورکیا بەرزکردەوە، وەزارەتەکەش دۆسیەکەی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد و خوێندنەوەی بۆ کرا و مافی پەرلەمانتارێتی لە گەرگەرلیئۆغڵو سەندرایەوە.
گەرگەرلیئۆغڵو رایگەیاند لە پەرلەمانی تورکیادا دەمێنێتەوە و ناچێتە دەرەوە، گوتیشی :"با پۆلیس بێتە نێو باڵەخانەی پەرلەمان و قۆڵبەستم بکات".
ئەمە لەکاتێکدایە ئەگەر پۆلیس بچێتە نێو باڵەخانەی پەرلەمان ، لەڕووی یاساییەوە کێشە و ئاڵۆزی دروستدەبێت، کە بۆی هەیە وڵاتان و رێکخراوە نێودەڵەتییەکان تورکیا بخەنە ژێر رەخنەیەکی زۆرەوە.
وەرگرتنەوەی مافی پەرلەمانتاری لەو پەرلەمانتارەی هەدەپە کاردانەوەی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی لێکەوتەوە، هەر یەک لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرکۆنەی بڕیارەکەی پەرلەمانی تورکیایان کرد.