کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی و ئۆجەلان کۆتاییهات

 
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە گرتووخانەی دوورگەی ئیمراڵی تەواو بوو.
 
شاندەکە کە لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری ئۆجەلان پێکهاتبوو، لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبوونەوە و دواتریش گەڕانەوە.
 
بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی، ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، بەهۆی تێکچوونی تەندروستیی لەگەڵ شاندەکەدا نەبووە؛ باسی لەوەش کرد، تورک سەلامەتە و هیچ پێشاتێکی نەرێنی لەبارەی تەندروستییەوە نییە. 

 

 
هاوکات، سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی شاندەکە، دوای ئەوەی شەوی سێشەممە، 15ی نیسان بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گەیێندرایە نەخۆشخانە و ئێستا لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەدا خەوێندراوە، لەگەڵ شاندەکە نەڕۆیشتووە.
 
ئەو سەردان و کۆبوونەوانەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لە کاتێکدان، ساڵی رابردوو هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی پەکەکە و ئەو وڵاتە نرا.
 
ئەم هەنگاوە لەلایەن حکومەتی تورکیا بە ''کۆتاییهێنانی تیرۆر'' و لەلایەن دەم پارتییشەوە بە ''چارەسەرکردنی پرسی کورد'' ناوی دەهێنرێت.
 
شاندیی ئیمراڵیی دەم پارتی بەم سەردانەی ئەمڕۆ، تائێستا چوار جار لە گرتووخانەی ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان کۆبووەتەوە.