دادگای دەستووریی تورکیا وردبینی بۆ دارایی پارتی کۆمۆنیستی کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارەکانی دادگای دەستووریی تورکیا (AYM) سەبارەت بە وردبینیی دارایی 11 حیزبی سیاسی بۆ ساڵی 2023 لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیا بڵاوکرانەوە، پارتی کۆمۆنیستی کوردستان (KKP) یەکێکە لەو حیزبە سیاسییانەی کە وردبینیی دارایی بۆ کراوە.
بەپێی ئەو بڕیارەی لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکراوەتەوە، وردبینیی دارایی بۆ ساڵی 2023 بۆ هەریەک لە پارتی رەنج، پارتی دیموکرات، پارتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕ، پارتی رێگای راست، پارتی یەکێتیی هێز، پارتی جیهان، پارتی ئاڵ سانجاق، پارتی کۆمۆنیست، پارتی کۆمۆنیستی کوردستان، پارتی میلـلی و نیشتمانی، و پارتی توغرا کراوە.
پرۆسەی وردبینیی دارایی پارتە سیاسییەکان چییە؟
وردبینییە داراییەکانی دادگای دەستووری، لە چوارچێوەی یاسای پارتە سیاسییەکان، وردبینی بۆ راپۆرتی داهات و خەرجییەکانی پارتە سیاسییەکان دەگرێتەوە. پرۆسەکە بۆ دڵنیابوونە لەوەی بودجە و کۆمەکی کۆکراوە و خەرجییەکانی پارتە سیاسییەکان لە چوارچێوەی یاساییدان.
ئەم وردبینییانە گرنگن بۆ دڵنیابوون لە شەفافیەتی دارایی پارتە سیاسییەکان.
دوای کۆتایی هاتنی وردبینییەکە، دادگای دەستووری بڕیاری دا راپۆرتی ژمێریاری، بەپێی زانیاری و بەڵگەنامە بەردەستەکان، ورد و هاوسەنگن و لەگەڵ یاسای ژمارە 2820ی پارتە سیاسییەکاندا گونجاون. پارتی کۆمۆنیستی کوردستان یەکێکە لەو حیزبانەی لە وردبینییەکەدا ناوی هاتووە.
پارتی کۆمۆنیستی کوردستان؟
پارتی کۆمۆنیستی کوردستان (KKP)، پارتێکی سیاسییە و پابەندە بە ئایدیۆلۆژیای مارکسیست -لینینیست. لە ساڵی 1982دا لەژێر چەتری پارتی کرێکارانی کۆمۆنیستی تورکیا (TKEP) وەک لقی کوردی (بە رێکخراوی سەربەخۆی کوردستان ناسرابوون) دامەزرا. لە کۆنگرەی ساڵی 1990دا لە پارتی کرێکارانی کۆمۆنیستی تورکیا جیابوونەوە و وەکو پێکهاتەیەکی سیاسی سەربەخۆ بەردەوام بوو.