دەم پارتی: دەبێت لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەری پێکبهێندرێت
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بڕیارەکانی پەکەکە لەبارەی خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری بە گرنگ ناودەبات. دەشڵێت، دەبێت لە پەرلەمانی تورکیا لیژنەیەک بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری پێکبهێندرێت.
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، رۆژی سێشەممە 20ی ئایاری 2025 لە گوتارێکیدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی رایگەیاند، "بڕیارەکانی کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ پرۆسەی چارەسەری دەبینین." گوتیشی، "ئێستا نۆبەی دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەرییە ئەرکی خۆیان بەجێبگەیێنن."
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ پێشخستنی پرۆسەکە، دەبێت لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا پێکبهێندرێت؛ باسی لەوەش کرد، "لە رێگەی ئەو لیژنەیەوە دەتوانرێت هەنگاوی ماوەکورت، مامناوەند و درێژ بنرێت. پێویستە ئەو لیژنەیە بە کارکردن لەسەر بۆچوونی هاوبەش بڕیار بدات و پاشانیش بڕیارەکان لە چوارچێوەی یاسادا جێبەجێبکرێن."
بابەتی پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ پرۆسەی چارەسەری لە کاتێکدایە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی 18ی ئایاری 2025 لە هەژماری فەرمیی پارتەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، باشترین بژاردە بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەوەیە، لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا بە بەشداری و پاڵپشتیی هەموو پارتە سیاسییەکان پێکبهێندرێت.
باخچەلی پێشنیازی بۆ نوعمان کورتولمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کرد، دەستپێشخەری بکات بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بە ناوی ''ستراتیژیی سەت ساڵەی تورکیای بێ تیرۆر؛ لیژنەی یەکدەنگی و یەکێتیی نەتەوەیی''.
کورتولمووش رۆژی 19ی ئایاری 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، دوای خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە، کار بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک لە پەرلەمان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دەکرێت.
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.