کۆمکاری عەرەبی: ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە چەکی ئەتۆمی و چەکەکانی کۆمەڵکوژ پاکبکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا لە ئیستەنبووڵ، وەزیرانی دەرەوەی عەرەب داوای راگرتنی دەستبەجێی گرژییەکان و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ دەکەن و هۆشداری دەدەن لەوەی "ئیسرائیل ناوچەکە بەرەو جەنگێکی فراوانتر دەبات". هەروەها داوایان کرد ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە چەکی ئەتۆمی و چەکەکانی کۆمەڵکوژ پاکبکرێتەوە.
 
کۆبوونەوەکە کە شەوی رابردوو لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو، کۆمکاری عەرەبی بە تووندی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران سەرکۆنە کرد و بە "پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی وڵاتێکی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی هەرێمی" وەسفی کرد. وەزیرانی دەرەوەی عەرەب داوایان کرد دەستبەجێ هێرشەکان رابگیرێن و هەوڵەکان بۆ گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ چڕبکرێنەوە.
 
کۆبوونەوەی نائاسایی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی، شەوی هەینی، 20ـی حوزەیرانی 2025، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە ئیستەنبووڵ، بە سەرۆکایەتیی ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن بەڕێوەچوو. تێیدا دواهەمین پێشهاتەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەبیب تاوتوێ کران.
 
لە راگەیێندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، وەزیرانی عەرەب جەختیان لە چەند خاڵێک کردەوە، لەوانە:
 
راگرتنی گرژییەکان: داوای راگرتنی دەستبەجێی "دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل" و گەڕانەوە بۆ دانوستاندنەکان کرا بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران.
 
ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی: بانگهێشتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرا کە "ئەرکی خۆی بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی هەرێمەکە جێبەجێ بکات" و کۆتایی بەو پێشێلکارییانە بهێنێت کە هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە دەکەن.
 
دیپلۆماسی تاکە رێگەیە: جەختکرایەوە کە "دیپلۆماسی و گفتوگۆ تاکە رێگەن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان" بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
 
راگەیێندراوەکە هێوربوونەوەی گشتگیریی لە ناوچەکەدا بەستەوە بە چارەسەرکردنی هەموو کێشە بنەڕەتییەکانەوە و رایگەیاند: "هێورکردنەوەی گشتگیر تەنیا بە راگرتنی دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بەپەلە و راگرتنی رێکارە نایاساییەکان لە کەرتی رۆژئاوا دەستپێدەکات، کە چارەسەری دوو دەوڵەت لاواز دەکەن."
 
وەزیرە عەرەبەکان هۆشدارییاندا لەوەی "سیاسەتە دوژمنکارانەکانی ئیسرائیل، ناوچەکە بەرەو ململانێ و گرژیی زیاتر دەبات" و داوای جووڵەیەکی نێودەوڵەتیی کاریگەریان کرد بۆ جێبەجێکردنی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان و دەستپێشخەریی ئاشتیی عەرەبیی ساڵی 2002.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، وەزیران داوای رێزگرتن لە ئازادیی کەشتیوانی لە رێڕەوە نێودەوڵەتییەکان دەکەن و هۆشداری دەدەن لە "لێکەوتە مەترسیدارەکانی بەئامانجگرتنیان لەسەر ئابووریی جیهان".
 
هاوکات داوایان کرد دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نەکرێنە ئامانج و هۆشدارییان دا لە "مەترسییەکانی دزەکردنی تیشکی ئەتۆمی و ئەو کاریگەرییە وێرانکەرانەی لەسەر مرۆڤ و ژینگە دەبێت."
 
هەروەها داوایان کرد ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چەکی ئەتۆمی و چەکەکانی کۆمەڵکوژ پاکبکرێتەوە و هەموو وڵاتان پابەندی پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی بن.
 
کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی لە کاتێکدایە کە لە 13ـی حوزەیرانەوە، ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمی و بنکە سەربازییەکانی ئێران دەستپێکردووە. لە بەرامبەردا، تاران بە مووشەکی بالیستی و درۆن وەڵامی داوەتەوە، کە ئەمە بە گەورەترین رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات دادەنرێت.